بۆچی جەڵتەی دڵ لە گەنجاندا زیادیکردووە؟
ئاڤار سەڵاح 16/10/2023
لەگەڵ هەڵکشانی تەمەندا، مەترسیی توشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ زیاد دەکات، بەڵام ئەوەی جێگەی تێڕامانە، نەخۆشییەکانی دڵ، بەتایبەت جەڵتەی دڵ، لەناو گەنجاندا روو لەزیادبوونن.
ئەمە چەند هۆکارێکی هەیە:
- شەکرەی جۆری 2: بە یەکێک لە هۆکارە دیارەکان هەژماردەکرێت بۆ توشبوون بە جەڵتەی دڵ لە گەنجاندا. بەهۆی خراپبوونی شێوازی ژیانەوە، رێژەی نەخۆشیی شەکرە لە گەنجاندا روولەزیادبوونە. نەخۆشیی شەکرە، ئەگەر کۆنترۆڵ نەکرێت، دەبێتەهۆی زیانگەیاندن بە بۆرییە خوێنەکانی دڵ، هەروەها رەنگە کەسەکە تووشی بەرزەفشاری خوێن و قەڵەوی ببێت، ئەم دوو هۆکارەش مەترسیی توشبوون بە جەڵتەی دڵ لەگەنجاندا زیاد دەکەن.
- جگەرەکێشان: لە جگەرەدا نیکۆتین و چەندین ماددەی کیمیایی زیانبەخش هەیە، کە دەبنە هۆی تەسکبوونەوە و گیرانی بۆرییەکانی خوێن، مەترسیی توشبوون بە جەڵتەی دڵ و مێشک زیاددەکەن.
- خراپ بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان
- مێژووی خێزانیی نەخۆشییەکە: ئەو کەسانەی لە خێزانەکانیاندا مێژووی نەخۆشییەکانی دڵیان هەیە، مەترسیی توشبوونیان بە نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵتەی دڵ، لە تەمەنی گەنجیدا زیاترە، چونکە هۆکارە بۆماوەییەکان، کاریگەریی بەهێزیان هەیە بۆ توشبوونی پێشوەخت بە جەڵتەی دڵ و نەخۆشییەکانی دیکەی دڵ.
چۆن خۆم بپارێزم لە توشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵتەی دڵ؟
رەچاوکردنی ئەم رێنماییانە دەکرێت مەترسیی توشبوون بە نەخۆشییەکان دڵ و جەڵتەی دڵ کەمبکاتەوە:
- ئەنجامدانی وەرزشی مامناوەند، بۆ ماوەی 150 خولەک لە هەفتەیەکدا
- پارێزگاری لە مانەوەی کێشی جەستە بەشێوەیەکی تەندروست
- خواردنی خۆراکی تەندروست
- دوورکەوتنەوە لە جگەرەکێشان و خواردنەوە کحولییەکان
- کۆنترۆڵی گوشاری دەروونی و فشاری خوێن
ئاڤار سەڵاح
16/10/2023