بەریتانیا: پەیوەندیی دیپلۆماسی لەگەڵ دەستەی تەحریری شام دەبەستین

دەیفید لامی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، فۆتۆ: AP
دەیفید لامی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، فۆتۆ: AP

دەیفید لامی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند، وڵاتەکەی پەیوەندیی دیپلۆماسی لەگەڵ دەستەی تەحریری شام دەبەستێت و 50 ملیۆن پاوەندیش وەکو هاوکاری بۆ سووریا دەنێرێت.

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ئەوەشی ئاشکراکرد، هێشتا دەستەی تەحریری شام وەکو ڕێکخراوێکی تیرۆریستی لە بەریتانیا دەمێنێتەوە، بەڵام دەتوانن پەیوەندی دیپلۆماسیان لەگەڵیاندا هەبێت.

دەیڤید لامی ئاماژەی بەوەشکرد، هۆکاری دەستپێکردنەوەی پەیوەندیی دیپلۆماسییان لەگەڵ دەستەی تەحریری شام بۆ دڵنیابوونە لە دامەزراندنی حکومەتێکی نوێنەرایەتیی گشتگیر و دەستەبەرکردنی سەلامەتیی کۆگاکانی چەکی کیمیایی لە سووریا.

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ئەوەشی ئاشکراکرد، لەبەر ئەو هۆکارانەیە وڵاتەکەی لەرێگەی پەیوەندییە دیپلۆماسی و هەواڵگرییەکانیانەوە مەمەڵە لەگەڵ دەستەی تەحریری شام دەکەن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، 50 ملیۆن پاوەندیش وەکو هاوکاری بۆ سووریا دەنێرن و جگە لەوەش بە بڕی 120 هەزار پاوەند هاوکاری بۆ ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی دابیندەکەن بۆ پاڵپشتیکردنی کارەکانی بۆ نەهێشتنی چەکی کیمیایی لە سووریا.