شەکرە چییە؟ هۆکار و رێگەکانی خۆپاراستن چین؟
شەکرە نەخۆشییەکی درێژخایەنە کە تووشی هەموو تەمەنەکان دەبێت، بەڵام چەند جۆرێکی هەیە و هەر جۆرێکیان لە تەمەنێک و دۆخێکی دیاریکراودا باوە. بەگوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی 537 ملیۆن کەس لە جیهاندا شەکرەیان هەیە.
شەکرە، نەخۆشییەکە کە تێیدا شەکری خوێن بەرزدەبێتەوە. کاتێک روودەدات کە پەنکریاس ناتوانێت ئنسۆلینی پێویست بەرهەمبهێنێت.
ئنسۆلین چییە؟
ئنسۆلین هۆرمۆنێکە لەلایەن رژێنی پەنکریاسەوە بەرهەمدەهێنرێت. کاری ئەم هۆرمۆنە ئەوە بە خانەکان بڵێت: ئێستا شەکری ناو خوێن بەرزە، هەڵیبمژن بۆئەوەی کەمببێتەوە. کاتێک ئەم هۆرمۆنە کەم بەرهەمدەهێنرێت، کەسەکە تووشی شەکرە دەبێت.
لە جۆرێکی دیکەی شەکرەدا، ئنسۆلینی پێویست بەرهەمدەهێنرێت، بەڵام خانەکان وەڵامدانەوەیان بۆ ئنسۆلین نییە، ئەمەش وادەکات نەتوانن شەکری ناو خوێن هەڵبمژن و لەخۆیانیبگرن.
جۆرەکانی شەکرە چین؟
شەکرەی جۆری یەک: ئەم جۆرەیان نەخۆشییەکی دژەخۆییە، واتە خانەکانی بەرگریی جەستە هێرشدەکەنە سەر خانەکانی پەنکریاس، بەمەش ئەم خانانە چیدیکە ناتوانن ئنسۆلین بەرهەمبهێنن. نزیکەی %10ـی تووشبووانی شەکرە، جۆری یەکیان هەیە.
شەکرەی جۆری دوو: لەم جۆرەیاندا یان جەستە ناتوانێت بڕی پێویست لە ئنسۆلین بەرهەمبهێنێت، یانیش خانەکان وەڵامدانەوەیان نییە بۆ ئنسۆلینی بەرهەمهێنراو. ئەمە باوترین جۆری شەکرەیە.
شەکرەی کاتی دووگیانی: ئەم جۆرەیان تەنیا لە کاتی دووگیاندا هەیە. خانمەکە لەدوای هەفتەی 20ـی دووگیانییەوە شەکری خوێنی بەرزدەبێتەوە. دواتریش بەئەگەری زۆرەوە لەدوای دووگیانی ئاساییدەبێتەوە.
پێششەکرە: پێششەکرە حاڵەتێکە تێیدا شەکری خوێن بەرزە، بەڵام هێشتا نەگەیشتووەتە ئاستی نەخۆشیی شەکرە. ئەم کەسانە ئەگەر ئاگایان لەخۆیان نەبێت، لەدواتردا تووشی شەکرە دەبن.
کۆمەڵێک جۆری دیکەی شەکرە هەن کە کەمتر باون و ئێمە لێرەدا تیشک ناخەینە سەریان.
نیشانەکانی شەکرە چین؟
- تینوێتیی زۆر و وشکبوونەوەی دەم
- زۆر میزکردن
- شەکەتی
- لێڵیی چاو
- دابەزینی کێش
- سڕبوونی دەست و پێ
- درەنگ چاکبوونەوەی برینەکان
- هەوکردنی دووبارەی پێست و زێ
هۆکاری شەکرە چییە؟
کۆمەڵێک هۆکار هەن وادەکەن رێژەی شەکری خوێن بەرزبێت:
- بەرگریی خانەکان بۆ ئنسۆلین: لەم حاڵەتەدا خانەکان وەڵامدانەوەیان بۆ ئنسۆلین نییە. ئەمە لە حاڵەتی قەڵەوی، نەبوونی چالاکیی جەستەیی، خواردنی خۆراکی ناتەندروست، تێكچوونی هاوسەنگیی هۆرمۆنەکان، جینەکان و وەرگرتنی کۆمەڵێک دەرمانەوە دروستدەبێت.
- نەخۆشییە دژەخۆییەکان: خانەکانی سسیستمی بەرگری هێرشدەکەنە سەر خانەکانی پەنکریاس و ناهێڵن ئنسۆلینی پێویست بەرهەمبهێنێت. ئەو کەسانەی نەخۆشییە دژەخۆییەکانی دیکەیان هەیە، بۆنموونە نەخۆشیی غوددە یان هەندێک نەخۆشیی پێست، زیاتر ئەگەری تووشبوونیان بەم جۆرەی شەکرە هەیە.
- ناهاوسەنگیی هۆرمۆنەکان: هۆرمۆنەکانی جەستە پەیوەستن بە یەکەوە و گرنگن بۆ پاراستنی هاوسەنگیی ناوەکی، ئەگەر بێتوو هاوسەنگیی هەندێک لە هۆرمۆنەکان تێکبچێت، دەکرێت سەربکێشیت بۆ ناهاوسەنگیی ئسنۆلین و ببێتەهۆی نەخۆشیی شەکرە.
- بازدانی جینەکان
ماکەکانی شەکرە چین؟
شەکرە، ئەگەر کۆنترۆڵنەکرێت و بۆ ماوەیەکی زۆر بەردەوامبێت، دەکرێت چەندین ماکی هەبێت:
- نەخۆشییەکانی دڵ و بۆرییەکانی خوێن
- جەڵتەی دڵ
- جەڵتەی مێشک
- کۆبوونەوەی چەوری لەناو بۆرییەکانی خوێندا
- زیانگەیاندن بە دەمارەکان و سڕبوون
- پەککەوتنی گورچیلە
- زیانگەیاندن بە چاو و کوێربوون
- برینی قاچ
- هەوکردنی پێست
- لاوازیی سێکسی
- لەدەستدانی بیستن
چۆن دەکرێت کەسێک خۆی لە شەکرە بپارێزێت؟
بەشێک لە هۆکارەکانی تووشبوونی شەکرە پەیوەستن بە جینەکانەوە، بەتایبەت شەکرەی جۆری یەک. بەڵام گرنگە تەنانەت ئەو کەسانەش کە هۆکاری جینییان هەیە، خۆیان بپارێزن و شێوازی ژیانیان بگۆڕن.
- خواردنی تەندروست
- وەرزشکردن: رۆژانە لانیکەم 30 خولەک وەرزشبکرێت
- کێشی رێک
- کۆنترۆڵکردنی گوشاری دەروونی
- کەمکردنەوەی خواردنەوەی کحول و جگەرەنەکێشان
- خەوی رێک
17/12/2024