وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ کەناڵ8: هێشتا چاودێریی دۆخی سووریا دەکەین

تەلارى وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا
تەلارى وەزارەتى دەرەوەى ئەمریکا

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیارێکی کەناڵ8 لەبارەی بڕیارەکانی ئەحمەد شەرع، فەرماندەی پرۆسە سەربازییەکانی سووریا رایگەیاند، ئەوان هێشتا چاودێریی دۆخەکە دەکەن و دواتر بڕیار دەدەن.

پێشتر ئەحمەد شەرع، فەرماندەی پرۆسە سەربازییەکانی سووریا لە دیدارێکدا لەگەڵ رۆژنامەوانان لە سووریا ئەوەی ئاشکراکرد، خزمەتی سەربازیی زۆرەملێ لە سووریا هەڵوەشاوەتەوە، سەربازگەی راهێنانی تایبەت بە گەنجان دروستدەکرێت و چەک تەنیا بە دەستی دەوڵەتەوە دەبێت.

بەگوێرەی هەنگاوەکان کە شەرع ئاشکرایکردوون، سەرجەم گرووپ و هێزە سەربازییە جیاجیاکان هەڵدەوەشێنەوە و چەک تەنیا بە دەستی دەوڵەتەوە دەبێت.

پرسی چۆنیەتی بنیادنانەوەی سووریا یەکێکە لە پرسە گرنگەکانی ئێستا، دوێنێش ئەحمەد شەرع، فەرماندەی پرۆسە سەربازییەکانی سووریا، لەگەڵ گیێر پیدەرسن، نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا کۆبووەوە و داوایکرد، پێداچوونەوە بەبڕیای 2254ـدا بکرێت.