لە هەولێر چوار ئەندامى خێزانێک بە رووداوى هاتوچۆ گیانیانلەدەستدا
جەبار حسین 17/12/2024
چوار ئەندامى خێزانێک لە رووداوێکى هاتوچۆدا لەسنوورى پارێزگاى هەولێر گیانیانلەدەستدا و دوو کەسى دیکەش برینداربوون.
پەیامنێرى کەناڵ8 رایگەیاند، رووداوەکە لە نزیک گوندى چەڵتووکى سەربە شارەدێى دیبەگە لە سنوورى پارێزگاى هەولێر روویداوە.
گوتیشى، ئۆتۆمبێلێکى بارهەڵگر کە چیمەنتۆى بارکردووە، خۆى بە ئۆتۆمبێلێکدا کێشاوە کە خێزانێکى شەش کەسیى تێدابووە و بەهۆیەوە دایکێک، کوڕەکەى، کچەکەى و بووکەکەى گیانیانلەدەستداوە و دووکەسى دیکەش برینداربوون.
رووداوەکانى هاتوچۆ بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانى گیانلەدەستدان لە هەرێمى کوردستان دادەنرێت، بە گوتەى پسپۆڕانى هاتوچۆ، هۆکارى زۆربوونى رووداوەکانى هاتوچۆ بۆ خراپیى رێگەوبانەکان و پابەند نەبوونى بەشێک لە شۆفێران بە رێنماییەکانى هاتوچۆ دەگەڕێتەوە.
جەبار حسین
17/12/2024