لە چ کاتێکدا باکردن و ئازاری سک مەترسیدارە؟
باکردن و ئازاری سک دوو نیشانەی باوی کۆئەندامی هەرس و جگەرن و هەندێکەس بە شێوەیەکی درێژخایەن نیشانەیەکیان یان هەردوو نیشانەکەیان هەیە، پسپۆڕێکی هەرس و جگەر دەڵێت هەرچەندە زۆرجار ئەمە بەهۆی گرفتێکی بێزیانەوەیە، بەڵام دەکرێت دەرخەری نەخۆشییەکی مەترسیدار بێت.
د. محەمەد عومەر، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەرس و جگەر لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵ8 باسی لە گرفەکانی ریخۆڵەکان کرد و گوتی "ئەوەی لەناو خەڵکیدا پێی دەگوترێت نەخۆشیی کۆڵۆن یان قۆڵۆن، زۆرجار بەهۆی کۆنیشانەی گرژیی کۆڵۆنەوەیە و ئەم کەسانە تووشی ئازاری سک، باکردن، قەبزی یان سکچوونیان هەیە و دەکرێت بڵێن ناوبەناو سکچوون و ناوبەناویش قەبزییان هەیە".
پسپۆڕەکە ئاماژەی بەوە کرد کە گرژیی کۆڵۆن هۆکارەکەی نەزانراوە بەڵام دەکرێت لەو کەسانەدا زیاتر بێت کە باری دەروونییان ناجێگیرە و خەمۆکی یان دڵەڕاوکێیان هەیە. دەکرێت گرژیی کۆڵۆن بەهۆی کەمیی ئەنزیمی لاکتەیزەوە بێت، لەم حاڵەتەدا کەسەکە کاتێک شیر یان شیرەمەنییەکان دەخوات تووشی نیشانەکان دەبێت. یەکێکی دیکە لە هۆکارەکان کەمیی ئەنزیمەکانی پەنکریاسە کە دەکرێت بەهۆی هەوکردنی درێژخایەنەوە رووبدات.
د. محەمەد عومەر گوتی "بە خۆشحاڵییەوە ئەم گرفتە چارەسەری ئاسانە و ئەو کەسانەی هەیانە بە چەند رێنماییەکی پزیشکی نیشانەکانیان کەمدەبێتەوە"، هەروەها گوتی ئەوانەی گرژیی کۆڵۆنیان هەیە باشترە ئەم خواردنانە نەخۆن:
- توێکڵی میوە
- پیاز
- پاقلەمەنییەکان
لە درێژەی قسەکانیدا پسپۆڕەکە گوتی، هەندێجار لەگەڵ باکردن و نیشانەکانی دیکەی گرژیی کۆڵۆندا هەندێک نیشانەی مەترسیدار دەبن کە لەوانەیە دەرخەری نەخۆشییەکی مەترسیدار(هەوکردنی درێژخایەنی ریخۆڵەکان یان شێرپەنجە) بن و دەبێت کاتێک کەسێک تووشی نیشانەکان دەبێت دەستبەجێ سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکات، نیشانەکان ئەمانەن:
- ئازاری توند کە وا لە کەسەکە دەکات لە شەودا بەخەبەربێتەوە
- کێشدابەزینی بێپلان
- خوێندانان لەڕێگەی پیساییەوە
ئەوانەی ئەم نیشانانەیان هەیە لای پزیشکی پسپۆڕ پشکنینی ناوبینیی کۆڵۆن، سۆنەر یان هەندێک پشکنینی تایبەتی دیکەیان بۆ دەکرێت و نەخۆشییەکەیان دەستنیشاندەکرێت.
18/12/2024