چۆن هەستیاریی وەرزی دەناسرێتەوە؟
هەستیاریی وەرزی، حاڵەتێکە لە وەرزێکی دیاریکراودا، بەتایبەت لە بەهاردا روودەدات، بەهۆی وەڵامدانەوەی بەرگریی جەستە بۆ هەندێک تەنۆلکەی بێزیانی وەک؛ دەنکەهەڵاڵە، تەپوتۆز، بۆنی گژوگیا و مووی جەستەی هەندێک ئاژەڵ.
کاتێک بۆ یەکەمجار ئەو ماددانە دێنە لەشەوە، بەرگری جەستە دژەتەنێکی دیاریکراویان بۆ دروستدەکات، ئەگەر جارێکی تر بێنەوە ناو جەستە، دەیانناسێتەوە و لەڕێگەی ئەو دژەتەنانەوە کۆمەڵێک ماددەی وەک هیستامین دەرژێنێتە خوێنەوە و هەستیاری دروستدەکات.
نیشانەکان
نیشانەکانی ئەم نەخۆشییە، وەک نیشانەکانی هەڵامەت وان، بەڵام ئەم نەخۆشییە بەهۆی ڤایرۆسەوە نییە، لە دیارترین نیشانەکان ئەمانەن:
- ئاوی لووت
- هەڵئاوسانی ناوپۆشی لووت
- پژمین
- کۆکە
- خوران و سووربوونەوە و ئاوکردنی چاو
- خورانی لووت، قورگ و بەشی سەرەوەی ناودەم
- هەندێک جار شین هەڵگەڕان و هەڵئاوسانی ژێر چاو
چۆن نەخۆشییەکە دەستنیشاندەکرێت؟
پزیشک، دەتوانێت بەوەرگرتنی مێژووی نەخۆشییەکە، ناردنی پشکنینی خوێن و ئەنجامدانی پشکنینی هەستیاریی پێست، ئەم نەخۆشییە دەستنیشانبکات.
ماکەکان
- هەوکردنی گیرفانەکانی لووت
- هەوکردنی گوێ و سییەکان
- رەبۆ
- دروستبوونی فرەهەستیاریی
چارەسەر چییە؟
- خۆبەدوورگرتن لەو ماددانەی کەسەکە هەستیاریی پێیان هەیە
- چارەسەرکردن بە دەرمان
بەشێوەیەکی گشتی، نەخۆشیی هەستیاریی وەرزی مەترسیدار نییە، بەڵام دەبێت بەزوویی چارەسەر بکرێت، بۆ خۆپاراستن لە توشبوون بە ماکەکانی نەخۆشییەکە.
15/10/2023