هاکان فیدان وەڵامی قسەکانی ترەمپی لەبارەی سووریا دایەوە

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا. فۆتۆ: AA
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا. فۆتۆ: AA

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا وەڵامی رەخنەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکای لەبارەی دۆخی سووریا دایەوە و رایگەیاند، بەکارهێنانی وشەی دەستبەسەرداگرتن لەلایەن گرووپی چەکداری نزیک لە تورکیا بۆ دۆخی سووریا هەڵەیەکی گەورەیە.

لە دیمانەیەکى تەلەفزیۆنیدا هاکان فیدان گوتى "ئێمە ئەوە ناونانێین دەستبەسەرداگرتن، چونکە بەکارهێنانی وشەی لەو جۆرە بۆ ئەو رووداوەی لە سووریا روویداوە هەڵەیەکی گەورەیە".

هاکان فیدان ئاماژەی بەوەشکرد، لەبارەى گەلی سووریاوە ئەوەی روویداوە دەستبەسەرداگرتن نییە، بۆچوونى وایە ئەگەر هەر دەستبەسەرداگرتنێک روویدابێت، ئەوا ئیرادەی گەلی سووریایە کە دەستی بەسەر دەسەڵاتدا گرتووە.

پێشتر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا رایگەیاندبوو، گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا نا دۆستانە و نەخوازراوانە بەشێک لە سووریایان کۆنتڕۆڵکردووە.

سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، لەبارەی دۆخی سووریا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەشکرد، بۆچوونی وایە تورکیا زۆر زیرەکە، بەڵام دەستبەسەرداگرتنێکی نادۆستانەی لە سووریا ئەنجامدا بەبێ ئەوەی ژمارەیەک زۆری خەڵک گیانلەدەست بدەن.