باربارا لیف: خەڵکی سووریا هەلێکی ناوازەیان لەبەردەمە
باربارا لیف، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ فەرماندەی پرۆسە سەربازييەکانی سووريا رایگەیاند، پێشوازیی لە پەیامە ئەرێنییەکان دەکەین و بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی پێشکەوتن دەکەین لەسەر بنەمای کردار نەک تەنیا قسە.
یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەدوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، فەرماندەی پرۆسە سەربازييەکانی سووريا ئاماژەی بەوەکردووە، جەختییان لە گرنگیی راوێژکاریی بەرفروان کردووەتەوە لەو قۆناغەی ئێستا حکومەتی راگوزەر پێیدا تێدەپەڕێت.
باربارا لیف ئاماژەی بەوەشکردووە، لەگەڵ ئەحمەد شەرع گفتوگۆیان لەبارەی گرەنتیپێدان و کۆنترۆڵکردنی ئەو گروپە "تیرۆریستییانە"ی کە دەبنە هۆی مەترسیی بۆسەر سووریا کردووە و فەرماندەی پرۆسە سەربازييەکانی سوورياش دڵنیایی پێداون لەوبارەیەوە.
نوێنەرەکەی ئەمریکا کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ئەحمەد شەرع بە کۆبوونەوەیەکی باش و بەرهەمدار و ورد ناوبردووە.
باربارا لیف ئەوەشی ئاشکراکردووە، بە ئەحمەد شەرعیان راگەیاندووە، چی دیکە پاداشتی ئەو کەسە ناکەن کە زانیاریی لەبارەی شوێنی ئەوەوە پێشکەش بە حکومەتی ئەمریکا دەکات، ئەوەش واتای هەڵوەشاندنەوەی پاداشتە داراییەکەی ئەمریکایە کە بۆ دەستگیرکردنی ئەحمەد شەرعی دانابوو.
یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست باسیلەوەشکردووە، ئەوان چاوخشاندنەوە بە سزاکانیان دەکەن و پێویستە حکومەتی نوێی سووریا وەڵامیان بۆ داواکارییەکانیان هەبێت و پێشبکەون، بەدڵنیاییشەوە لە داهاتوودا پێویستە ئێران بە هیچ جۆرێک رۆڵی لە سووریا نەبێت.
20/12/2024