فەرماندەیی گشتیی سووریا: ئەمریکا پیرۆزبایی نەهێشتنی دەسەڵاتی ئەسەدی لێکردین

ئەندامێکی پرۆسە سەربازییەکانی سووریا لەکاتی وتاردان لە گۆڕەپانی ئومەویین لە دیمەشق، فۆتۆ: AP
ئەندامێکی پرۆسە سەربازییەکانی سووریا لەکاتی وتاردان لە گۆڕەپانی ئومەویین لە دیمەشق، فۆتۆ: AP

فەرماندەیی گشتیی بەڕێوەبردنی پرۆسە سەربازییەکان لە سووریا رایگەیاند، ئەمریکا لە چارەسەرکردنی پرسە هەڵپەسێردراوەکانی ناوچەی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا پشتیوانییان دەکات.

فەرماندەیی گشتیی بەرێوەبردنی پرۆسە سەربازییەکان لە سووریا کە ئەحمەد شەرع سەرکردایەتى دەکات، راگەیەندراوێکى لەبارەی کۆبوونەوەیان لەگەڵ نوێنەرانی ئەمریکا بڵاوکردەوە و بەکۆبوونەوەیەکی مێژوویی و سەرکەوتنێکی مێژوویی بۆ گەلی سووریا ناویان بردووە.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، شاندی ئەمریکا پیرۆزبایی رزگارکردنی سووریا و نەهێشتنی دەسەڵاتی بەشار ئەسەدی لێکردوون.

ئاماژە بەوەشکراوە، شاندی ئەمریکا پشتیوانیی خۆیان بۆ گەلی سووریا و ئیدارەی نوێی ئەو وڵاتە دەربڕیوە.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەمریکا لە چارەسەرکردنی پرسە هەڵپەسێردراوەکانی وەکو پرسى ناوچەی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا پشتیوانییان دەکات.

لە راگەیەندراوەکە ئاماژە بەوەشکراوە، شاندی ئەمریکا سوپاسی هەوڵەکانی دەستەی تەحریری شامی کردووە بۆ ئازادکردنی دوو بەندکراو بە ناوەکانی ترافیس و ئۆستن، کە ماوەیەکی زۆر بوو لە سووریا بێ سەروشووێن بوون.

لە راگەیەندراوەکە باس لەوەشکراوە، شاندی دانوستانکاری ئیدارەی نوێی سووریا، داوایان لە ئەمریکا کردووە، پشتیوانی لە گەلی سووریا بکات لەسەرجەم بوارەکاندا، هاوکات سزاکانی سەر سووریا هەڵبگرێت.

دەشڵێن، لەپێناو بەدیهێنانى دادپەروەریی، لێپێچینەوە لەو کەسانە دەکەن کە لەسەردەمى دەسەڵاتى بەشار ئەسەد، تاوانیان ئەنجاداوە.