ئەڵمانیا: ئاسایشی کورد زۆر گرنگە بۆ ئاسایشی داهاتووی سووریا
ئانالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیای راگەیاندووە، ئاسایشی کورد زۆر گرنگە بۆ ئاسایشی داهاتووی سووریا.
بێربۆک دوای دیداری لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەکرد، ئاسایش لە سووریا بە تایبەتی بۆ کوردەکان زۆر پێویستە، لەپێناو داهاتوویەکی ئازاد و پارێزراو بۆ سووریا.
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا هۆشداریشیدا لە مەترسییەکانی هەر جۆرە توندوتیژییەک کە لە دژی هێزە کوردییەکان لە سووریا ئەنجامبدرێت.
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا باسیلەوەشکرد، هەزاران کورد لە منبج و شوێنەکانی دیکە ئاوارەبوون و ترسیان لە توندوتیژیی نوێ هەیە.
راشیگەیاند، لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ هاکان فیداندا بەڕوونی باسى لەوە کردووە، نابێت بەرژەوەندییە ئەمنییە هاوبەشەکانمان بکەوێتە مەترسییەوە بەهۆی ئاڵۆزیی لەگەڵ کورد لە سووریا.
پێشتریش ئانالینا بێربۆک هۆشداریدابوو لە توندوتیژیی لە باکووری سووریا، لە نێوان هێزە چەکدارە سوورییەکانی نزیک لە تورکیا و هێزەکانی سووریای دیموکرات.
21/12/2024