ئایا خواردنەوەی بڕێکی زۆر لە ئاو هەموو کاتێک سوودبەخشە؟

گران جاف 22/12/2024

زۆرجار دەبیستین کە خواردنەوەی بڕێکی زیاتر لە ئاو سوودی تەندروستیی زۆری هەیە، بەڵام لە راستیدا ئەم بابەتە لەوە ئاڵۆزترە کە بیری لێدەکرێتەوە.

تاوەکو ئێستا زانست هیچ بڕێکی دیاریکراوی بۆ هەموو کەسێک پەسەندنەکردووە, ئەمەش هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە شوێنی ژیان، شێوازی ژیان، کەشوهەوا، ماوەی وەرزشکردن و سیستمی خۆراکی لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگۆڕێت.

لە توێژینەوەیەکی نوێدا، توێژەران هەستاون بە پێداچوونەوەی چەندین توێژینەوەی جیاواز کە لە ماوەی 24 ساڵدا ئەنجامدراون و لە هەر یەکێکیاندا بەڵگەی زانستی خراوەتەڕوو.

چەندین توێژینەوە پێشتر دەریانخستووە کە خواردنەوەی بڕێکی زیاتر لە ئاو یارمەتیی دابەزاندنی کێش بەڕێژەی  %44 بۆ %100 دەدات، مەترسیی دروستبوونی بەردی گورچیلە کەمدەکاتەوە، رێگری لە شەقیقە دەکات، یارمەتیی کۆنترۆڵکردنی شەکری خوێن دەدات، مەترسیی تووشبوون بە هەوکردنی رێڕەوی میز و دابەزینی فشاری خوێن دەدات.

بە گشتی سوودەکانی بڕێکی زیاتر لە ئاو بریتینلە:

  • دابەزینی کێش: لە توێژینەوەیەکدا دەرکەوتووە، ئەو کەسانەی کە لە پێش هەرسێ ژەمە خۆراکییەکانیاندا 500 ملیلیتر ئاویان دەخواردەوە، بەڕێژەی %44 بۆ %100 کێشیان زیاتر دابەزیوە بەراورد بەو کەسانەی کە پێش نانخواردن ئاویان نەخواردووەتەوە، ئەمەش هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە خواردنەوەی ئاو لە پێش ژەمەکاندا گەدە پڕدەکات و کەسەکە کەمتر خۆراکی پێدەخورێت، بەڵام لەو کەسانەی کە بە گشتی لە رۆژەکەیاندا ئاوی زیاتریان خواردووەتەوە و لە پێش نانخواردندا ئاویان نەخواردووەتەوە، کێشیان دانەبەزیوە.
  • بەردی گورچیلە: لە توێژینەوەکاندا دەرکەوتووە کە خواردنەوەی بڕێکی زۆر لە ئاو یارمەتیی کەمکردنەوەی مەترسیی تووشبوون بە بەردی گورچیلە دەدات، ئەمەش بەهۆی ئەوەی کە خواردنەوەی بڕێکی زیاتر لە ئاو چڕیی ئەو خوێیانە کەم دەکاتەوە کە بەردی گورچیلە دروستدەکەن.
  • شەکری خوێن: لە کەسانی تووشبووی شەکرەی جۆری دوودا، ئاوخواردنەوەی زۆر هۆکاربوو بۆ دابەزینی شەکری خوێنی دوای بەڕۆژووبوون. یەکێک لە تیۆرییەکان سەبارەت بەم سوودەی ئاوخواردنەوە بریتییەلەوەی کە کاتێک کەسێک ئاوی زۆر دەخواتەوە، قەبارەی خوێن زیاتر دەبێت و چڕیی شەکری خوێن کەمدەبێتەوە. بەڵام سەرەڕای هەموو ئەمانەش، خواردنەوەی بڕێکی زۆری ئاو لەلایەن کەسانی تەندروستەوە وایکردووە کە شەکری خوێنیان بەرزببێتەوە، بەڵام بە شێوازێکی زیانبەخش نا.
  • سەرئێشە: لە توێژینەوەیەکدا دەرکەوتووە ئەو کەسانەی شەقیقەیان هەیە و رۆژانە نزیکەی لیتر و نیوێک ئاوی زیاتر دەخۆنەوە، سەرئێشەکەیان کەمێک کەمتردەبووەوە، بەڵام لە توێژینەوەیەکی دیکەدا ئەم کاریگەرییە بەدینەکرا.
  • هەوکردنی رێڕەوی میز: بەشێک لەو خانمانەی کە هەوکردنی چەندبارەی رێڕەوی میزیان هەبوو و رۆژانە تەنیا لیتر و نیوێک ئاویان دەخواردەوە، داوایان لێکرا بڕی ئەو ئاوەی دیخۆنەوە بکەن بە دوو هێندە، واتە رۆژانە نزیکەی سێ لیتر ئاو بخۆنەوە، دەرکەوت کە لە ماوەی 12 مانگی داهاتوویاندا یەک بۆ دوو جار کەمتر تووشی هەوکردنەکە بوون، هەروەها کاتێکیش تووشدەبوون پێویستیان بە دەرمانی دژەزیندەیی کەمتر بوو بەراورد بە پێشتر، ئەمەش هۆکارەکەی ئەوەیە کە کاتێک کەسێک ئاوی زۆر دەخواتەوە، چڕیی ئەو بەکتریایەی لە رێڕەوی میزیدایە کەمتر دەبێتەوە و پێش ئەوەی بەکتریاکە بە ناوپۆشیی رێڕەوەکەوە بنوسێت و زیادبکات، لەڕێگەی میزەوە دەکرێتە دەرەوە.
  • دابەزینی فشاری خوێن: ئەو کەسانەی کە 30 ملیلیتر لە ئاویان بۆ هەر کیلۆگرامێکی کێشیان زیاتر دەخواردەوە، فشاری خوێنیان بەرزدەبووەوە، ئەمەش بۆ ئەو کەسانەی کە مەترسیی دابەزینی فشاری خوێن و بوورانەوەیان هەیە بەسوودە.

رۆژانە خواردنەوەی چەند پەرداخ ئاو تەندروستە؟

زۆرینەی کات دەبیستین کە هەشت پەرداخ ئاو باشترین بڕی ئاوە کە رۆژانە بخورێتەوە، بەڵام ئەم بیرکردنەوەیە هەڵەیە و بەگوێرەی ئەکادیمیای پزیشکانی ئەمریکا، پیاوان پێویستە رۆژانە 13 کوپی 237 ملیلیتری لە ئاو بخۆنەوە، بۆ خانمانیش 9 کوپی 237 ملیلیتری لە ئاو بخۆنەوە، بەدەر لەمەش گرنگە کە لە رێگەی سەوزە و میوەوە پیاوان نزیکەی سێ کوپ و خانمان نزیکەی دوو کوپ ئاوی دیکەیان دەستبکەوێت.

لێرەدا گرنگە بیرمان نەچێت کە پێویست ناکات بۆ هەر کوێیەک بچین بەدوای کوپێکی دیاریکراودا بگەڕێین و هەموو کاتێک ئاگامان لەوە بێت کە چەند کوپ ئاومان خواردووەتەوە، بەڵکو دەتوانین پشت بە هەستی تینوویەتی ببەستین و کاتێک کە تینوومان بوو ئاو بخۆینەوە، لەو کەسانەی کە زووزوو تینوویان دەبێت پێویستە زیاتر و زووزوو ئاو بخۆنەوە. هاوکات دەکرێت لەڕێگەی میزەوە بۆمان دەربکەوێت کە ئایا پێویستمان بە خواردنەوەی بڕێکی زیاتر لە ئاوە یان نا، بۆ نمونە ئەگەر کەسێک هەموو دوو بۆ سێ کاتژمیرێک میز بکات، میزەکەی رەنگی زەردێکی کاڵ بێت واتە رەنگی میزەکە زیاتر لە شەربەتی لیمۆ بچێت وەک لە شەربەتی سێو، ئەوا مانای وایە کە کەسەکە %100 بڕی پێویست لە ئاوی خواردووەتەوە.

گران جاف

22/12/2024