ئایا هەر دەبێت واز لە خواردنی شەکر بهێنین؟

گران جاف 23/12/2024

لە دوو سەدەی رابردوودا، تەنانەت لە وڵاتە دەوڵەمەندەکاندا، زۆر دەگمەنبوو کە زیاتر لە چەند کیلۆگرامێکی کەم شەکر بەکاربهێنرێت لە ماوەی ساڵێکدا.
ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە بەجۆرێک، لە بەشێکی زۆری وڵاتە پێشکەوتووەکاندا، هەر کەسێک ساڵانە نزیکەی 30 بۆ 40 کیلۆگرام شەکر دەخوات.

لە سەدەی نۆزدەیەمدا، شەکر دەدرا بەو کرێکارانەی کە زۆر کاریان دەکرد، ئەمەش وەکو سەرچاوەیەکی هەرزانی وزە بەکاردەهێنرا، پاشان لە سەدەی بیستەمدا شەکر دەدرا بە سەربازان بۆئەوەی توانای بەرگەگرتنیان باشتر بێت.

لە سەرەتای سەدەی نۆزدەیەمەوە، پزیشکان دەستیانکرد بەوەی کە خواردنی شەکر بە قەڵەوی و نەخۆشیی شەکرەی جۆری دووەوە ببەستنەوە، واتە خەڵک لەو کاتەشدا زانیویانە کە شەکر هۆکارە بۆ نەخۆشی و قەڵەوی، بەڵام کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی خۆراک هەرزوو دەستیانکرد بە قایلکردنی خەڵک کە بەرهەمەکانیان شەکریان تێدا نییە و تەنیا چەورییان تێدایە، ئەمەش مەترسیی گەورەی خستە سەر تەندروستیی دڵ و بۆرییەکانی خوێنی ئەو کەسانەی کە ئەم بەرهەمانەیان دەخوارد.

شەکر شێوازێکی سادەی کاربۆهیدراتە و چەندین جۆری هەیە، باوترینیان بریتیینلە گلوکۆز و فرەکتۆز کە پێکەوە سوکرۆز (شەکر) پێکدەهێنن، ئەم شەکرەیە کە بەکاردەهێنرێت لە شیرینکردنی خواردن و خواردنەوەکانی وەکو چا و کێک.

هەروەها چەند جۆرێکی دیکەی شەکر بریتیینلە:

  • لاکتۆز کە بە سروشتی لەناو شیردا هەیە
  • ماڵتۆز کە لە گەنمەشامی و دانەوێڵەکاندا هەیە
  • گالاکتۆز کە لەڕووی پێکهاتەی کیمیاییەوە زۆر لە گلوکۆز دەچێت و لە بەرهەمە شیرەمەنی و چەند سەوزە و میوەیەکدا هەیە

ئایا پێویستە شەکر بکەینە ناو خواردنەکانمانەوە؟

لەڕاستیدا خانەکانی جەستە تیایاندا خانەکانی ماسولکەکان و مێشک، شەکر وەکو سەرچاوەی سەرەکیی وزە بەکاردەهێنن و بەشێکیشی لە خانەکاندا بۆ کاتی پێویست پاشەکەوت دەبێت

جەستە خۆی دەتوانێت لەڕێگەی تێکشکاندنی کاربۆهیدرات، پڕۆتین و چەورییەوە ئەو گلوکۆزەی دەستبکەوێت کە پێویستی پێیەتی. وەکو باسکرا هەندێک جۆری شەکر هەن کە لە چەندین خۆراکی سروشتیدا هەن وەکو میوە، شیر و سەوزەکان، ئەم سەرچاوە سروشییانە لەگەڵ شەکردا دەوڵەمەندن بە ریشاڵ، ڤیتامینەکان و پڕۆتینەکانیش.

هەربۆیە پسپۆڕان پێیان وایە کە هیچ پێویستناکات شەکر بکرێتە ناو خۆراکەوە و ئەو شەکرەشی کە جەستە پێویستیەتی، لەڕێگەی سەرچاوە سروشتییەکانی شەکرەوە دەستدەکەون و گرفت بۆ تەندروستی دروست نابێت.

ئەو گرفتە تەندروستییانە چین کە شەکر دروستیاندەکات؟

لە هەندێک توێژینەوەدا دەرکەوتووە کە بەکارهێنانی بڕێکی زۆر لە شەکری فرەکتۆز، بەتایبەتی لە شەربەتدا هۆکارە بۆ بەرزبوونەوەی رێژەی چەوری لە جگەردا.

هەروەها لە پێداچوونەوەیەکی زانستیدا دەرکەوتووە کە شەکری زۆر هۆکارە بۆ دروستبوونی هەوکردنی درێژخایەن لە جەستەدا، ئەمەش رۆڵی هەیە لە تووشبوون بە چەندین نەخۆشی وەکو نەخۆشیی شەکرە، نەخۆشییەکانی دڵ و نەخۆشییە زیندەچالاکییەکان.

لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، لە توێژینەوەیەکدا دەرکەوتووە کە شەکری زۆر دەرکەوتنی نیشانەکانی پیری لە پێستدا خێراتر دەکات.

بە گوێرەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانیش، شەکری سپی یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی کلۆربوونی ددان، ئەمەش بەهۆی کۆبوونەوەی بەکتریا لە ناو دەمدا دروستدەبێت، ئەم بەکتریایانە شەکرەکە دەگۆڕن بۆ ترش و ئەم ترشەش دەبێتەهۆی داخورانی ددانەکە.

ئایا شەکر هۆکارە بۆ گەشەی خانە شێرپەنجەییەکان؟

بەگوێرەی گوتەی چەند شارەزایەک لە سۆشیاڵ میدیا، شەکر دەبێتە سەرچاوەی خۆراک و وزە بۆ خانە شێرپەنجەییەکان، یان دەڵێن کە شێرپەنجە شەکری خۆشدەوێت، تەنانەت بەشێکیان دەشڵین کە وازهێنان لە شەکر دەبێتە چارەسەر بۆ شێرپەنجە.

بەڵام پسپۆڕان دژی ئەم بیرکردنەوەیەن و دەڵێن تەنیا خانە شێرپەنجەییەکان نین کە شەکر بەکاردەهێنن، بەڵکو هەموو خانەکانی جەستە پشت بە شەکر دەبەستن وەکو سەرچاوەی سەرەکیی وزە.

هێشتا هیچ بەڵگەیەکی زانستی نییە بیسەلمێنێت کە شەکر دەبێتەهۆی شێرپەنجە یان خراپتربوون و گەشەکردنی زیاتری خانە شێرپەنجەییەکان، راستە خانە شێرپەنجەییەکان شەکر بەکاردەهێنن، بەڵام ئەگەر شەکر بە رێژەیەکی مامناوەند وەربگیرێت ئەوا نابێتە یارمەتیدەری گەشەی خانە شێرپەنجەییەکان.

پسپۆڕان دەشڵێن خواردنی بڕێکی زۆر لە شەکری سپی یان خۆراکە دەستکاریکراوەکان هۆکارە بۆ قەڵەوی و دروستبوونی بەرگریی خانەکان دژی هۆرمۆنی ئنسۆلین، ئەم بەرگرییەیە کە زانست وەکو مەترسی لێی دەڕوانێت، چونکە مەترسیی تووشبوون بە چەند جۆرێکی شێرپەنجە زیاددەکات.

سەبارەت بە چارەسەرکردنی شێرپەنجە لەڕێگەی دوورکەوتنەوە لە شەکرەوە پسپۆڕان بۆچوونیان وایە کە وازهێنان لە شەکر نابێتە چارەسەر یان نابێتە رێگەیەکی کاریگەر بۆ رێگریکردن لە تووشبوونەوەی کەسێک بە شێرپەنجە. گرنگترین ئامۆژگاری بۆ تووشبووان ئەوەیە کە سیستمێکی خۆراکیی تەندروست کە دەوڵەمەند بێت بە سەوزە و میوەکان پەیڕەوبکەن.

گران جاف

23/12/2024