لە بەریتانیا بۆ یەکەمجار سەنتەرێکی رێگەپێدراو بۆ بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان دەکرێتەوە
لە بەریتانیا لەماوەی کەمتر لە مانگێکدا یەکەمین سەنتەری حکومیی تایبەت بە بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لە گلاسگۆ دەکرێتەوە، چالاکوانان و پسپۆڕانی تەندروستیی وڵاتەکە ئەم بڕیارە بە هەنگاوێکی گرنگی کەمکردنەوەی مردن بە ماددە هۆشبەرەکان لەقەڵەمدەدەن.
ئەو سەنتەرەی دروستدەکرێت ناوی "Thistle"ـە و وا بڕیار بوو سەرەتای ئەمساڵ دەستبەکاربێت، بەڵام بەهۆی دواکەوتنی بیناسازییەوە کەوتووەتە سەرەتای ساڵی 2025.
شاری گلاسگۆ لە بەریتانیا بە پایتەختی 'گیانلەدەستدان بەهۆی ماددە بێهۆشکەرەکانەوە' ناسراوە، بۆیە پسپۆڕان دەڵێن ئەگەر سەنتەرێکی حکومی بۆ چاودێریکردنی بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر هەبێت، ئەوا رێژەی مردن بەشێوەیەکی بەرچاو کەمدەکات.
هۆکاری سەرەکیی گیانلەدەستدانی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان ژەهراویبوون بە ماددەکە و هەوکردنە.
نزیکەی 100 سەنتەری هاوشێوەی سەنتەرە نوێکەی بەریتانیا لە جیهاندا هەن و تاوەکو ئێستا هیچ حاڵەتێکی گیانلەدەستدانیان تێدا تۆمارنەکراوە.
نزیکەی دەیەیەک پێش ئێستا هەوڵ دراوە سەنتەرێکی لەم شێوەیە دروستبکرێت، ئەمەش پاش ئەوەی لەناو بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکاندا حاڵەتەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی ئەیدز رووی لە زیادبوون کرد. بەڵام هەوڵەکان لەلایەن هۆم ئۆفیسی وڵاتەکەوە کە ئەو کاتە لەژێر دەستی کۆنسێرڤەتیڤەکاندا بوو، پووچەڵبوونەوە.
وابڕیارە لە سەنتەرە نوێکەدا، بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر، لە ژێر چاودێریی تایبەتدا و بە بەکارهێنانی کەرەستەی خاوێن دەرمانە هۆشبەرەکان بەکاربهێنن. سەنتەرەکان هەموو رۆژێک لە کاتژمێر 9ـی بەیانی بۆ کاتژمێر 9ـی شەو کراوە دەبن.
23/12/2024