پێشگرژیی دووگیانی چییە؟
پێشگرژیی دووگیانی (پریئیکلامسیا)، یەکێکە لە ماکەکانی دووگیانی، لەدوای هەفتەی بیستەمی دووگیانییەوە لە هەندێک خانمدا روودەدات. ئەو خانمانەی تووشی ئەم دۆخە دەبن، دەشێت بەرزبوونەوەی فشاری خوێن، بەرزبوونەوەی رێژەی پرۆتینی میز و هەندێک نیشانەی تریان هەبێت کە ئاماژەن بۆ پەککەوتنی ئەندامێکی جەستە.
پێشگرژیی دووگیانی، لەو کەسانەدا روودەدات پێشتر بەرزە فشاری خوێنیان نەبووە. ئەم نەخۆشییە پێویستیی بەچاودێری و چارەسەری گونجاو هەیە، بەپێچەوانەوە دەگونجێت ببێتە هۆی زیانگەیاندن بە تەندروستیی دایک یان کۆرپەکە.
نیشانەکان
سەرەڕای بەرزبوونەوەی فشاری خوێن، دەکرێت یەکێک یان زیاتر لەم نیشانانە لە خانمەکەدا دەربکەوێت:
- بوونی پرۆتین لە میزدا
- کەمبوونەوەی ئاستی پەڕەکانی خوێن
- بەرزبوونەوەی ئەنزیمەکانی جگەر
- سەرئێشەی توند
- گۆڕان لە بیناییدا، وەک لەدەستدانی بینایی بەشێوەیەکی کاتی، لێڵبینی و هەستیاری بە رووناکی
- هەناسەتەنگی بەهۆی کۆبوونەوەی ئاو لە سییەکاندا
- ئازاری ناوسک
- دڵتێکەڵهاتن و رشانەوە
- ئاوسانی کتوپڕی دەست و دەموچاو
چی مەترسیی توشبوون زیاد دەکات؟
- هەبوونی هەمان حاڵەت لە دووگیانییەکانی پێشوودا
- دووگیانی بە زیاتر لە منداڵێک
- بوونی نەخۆشیی بەرزەفشاری خوێن بەر لە دووگیانی
- بوونی شەکرە بەر لە دووگیانی
- نەخۆشییەکانی گورچیلە
- نەخۆشییە دژەخۆییەکان
- قەڵەوی
- تەمەنی خانمەکە لە سەروو 35 ساڵەوە بێت
- زیاتر لە 10 ساڵ لەنێوان دووگیانیی ئێستا و دووگیانیی پێشوودا هەبێت
ماکەکان
- گرفت بۆ گەشەی کۆرپەکە دروستدەکات
- دەبێتەهۆی لەدایکبوونی پێشوەختی کۆرپەکە
- تەقینی وێڵاش
- رەنگە خانمەکە لە کاتی دووگیانییەکەیدا، تووشی گەشکە ببێت.
کەی پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت؟
پێویستە سەرجەم خانمان لە کاتی دووگیانیدا، سەردانی پزیشکی پسپۆر بکەن و پشکنینی بەردەوامیان بۆ بکرێت. کاتێک خانمەکە سەرئێشەی توند، تێکچوونی بینایی، لێڵبینی، ئازاری توندی ناوسک و هەناسەتوندی بۆ دروستدەبێت، پێویستە دەستبەجێ پەیوەندی بکات بە پزیشکەوە یان بەزوویی سەردانی بەشی فریاکەوتن بکات.
چارەسەر
چارەسەری گونجاو بۆ ئەم حاڵەتە دەکەوێتە سەر توندیی نەخۆشییەکە، ماوەی دووگیانییەکە، تەندروستیی خانمەکە و کۆرپەکەی کە پزیشکی پسپۆڕ دوای هەڵسەنگاندنی زانستی بڕیاری لەسەر دەدات.
13/10/2023