گرووپێکی چەکداریی عێراق هێرشەکانیان بۆ سەر ئیسرائیل راگرت

کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا لە عێراق لە راگەیەندراوێکدا دەڵێن، هێرشەکانیان بۆ سەر ئیسرائیل رادەگرن، کە لە چەند مانگى رابردوودا زیاتر لە 200 هێرشیان کردووەتە سەر تەلئەڤیڤ.

کازم فەرتوسی، گوتەبێژی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا، کە بەشێکن لە گرووپەکانى بەرەی مقاوەمە لە عێراق رایگەیاند، "بڕوایان بە یەک مەیدانی هەموو گرووپەکانی دژی ئیسرائیل هەیە، بەڵام لەبەر چەند هۆیەکی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی چالاکییەکانیان دژی ئیسرائیل رادەگرن".

گوتیشی، "راگرتنى هێرشەکانی بەرەى مقاومە پەیوەستن بە ئاگربەست لە لوبنان لەنێوان حیزبوڵاى لوبنان و ئیسرائیل، بەڵام سەرجەم گرووپەکانى بەرەى مقاومە لە پرەنسیپ و بڕواى خۆیان لانادەن".

هەفتەى رابردوو محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق، هۆشداریى داوەتە گرووپە چەکدارەکان لە عێراق، کە هێرشەکانیان بۆ سەر ئیسرائیل رابگرن، ئەوەش لەپێناو پاراستنى عێراق لە ئەگەرى وەڵامدانەوەى ئیسرائیل بۆ سەر پێگە سەربازیی و ئابوورییەکانى.