چۆن لە ماڵەوە پشکنینی شەکرە ئەنجامدەدرێت؟
زۆربەی ئەوانەی شەکرەیان هەیە، پێویستە رۆژانە پشکنینی خێرا بۆ خۆیان ئەنجام بدەن. بە زانینی رێژەی شەکر لە خوێندا، نەخۆشییەکە باشتر کۆنترۆڵ دەکرێت، هەروەها شێوازی چارەسەرکردن بەگوێرەی رێژەکە دەگۆڕێت. کۆنترۆڵکردنی شەکرە چەند سوودێکی درێژخایەنی هەیە و رێگریی لە ماکە درێژخایەنەکانی ئەم نەخۆشییە دەکات، وەکوو: نەخۆشیی دڵ، جەڵتەی مێشک، بەرزەفشاری خوێن، بەرزیی کۆلیسترۆڵ، لەدەستدانی بینایی، نەخۆشیی گورچیلە و نەخۆشیی پێست.
چەند رێگەیەک هەن بۆ پشکنینی شەکری خوێن
- لە سەری پەنجەوە: ئەمەیان باوترین رێگەیە. ئەم جۆرە پشکنینە سێتی تایبەت بەخۆی هەیە، بەکارهێنانی ئاسانە. پاش پاککردنەوەی شوێنەکە بە کحول، بە دەرزییەکی بچوک - کە هەر لەگەڵ سێتەکەیە- کونێک دەکرێتە سەری پەنجەوە، پاشان ئەو دڵۆپەخوێنەی کە لێی دێت، لەسەر پارچە ئەلکترۆنییەکە دادەنرێت -ئەم پارچەیە بەستراوە بە ئامێری پێوانەکردنی شەکرەوە- پاش چەند چرکەیەک، رێژەی شەکرەکەت پێ دەڵێت. وا باشە هەرکاتێک کەسەکە ئەم پشکنینە دەکات، لای خۆی بینووسێت، بۆ ئەوەی کاتێک سەردانی پزیشکی کرد، ئەنجامی رۆژانەی پێ بڵێیت و بەگوێرەی ئەوە چارەسەری بۆ دابنێت. کاتێک کەسەکە رۆژانە چەند پشکنینێک دەکات، وا باشترە لەسەر پەنجەی جیاواز بێت، بەم شێوەیە کەمتر ئازاری دەبێت.
- رێگەکانی دیکە: لە هەندێک ئامێری نوێدا دەتوانرێت لە شوێنی دیکەوە خوێن وەربگریت، وەک قۆڵ یاخود ران. جۆرێکی دیکە هەیە بە بەردەوامی رێژەی شەکرەکە دەپێوێت. ئەم جۆرە زیاتر لەگەڵ پەمپی ئنسۆلین دادەنرێت، بەکارهێنانی ئاسانترە و ئەنجامەکان هەڵدەگرێت.
لە ڕۆژێکدا چەند جار پشکنین بکرێت؟
ئەمە دەبێت پزیشکی پسپۆڕ دیاری بکات، لە نەخۆشێک بۆ نەخۆشێکی تر دەگۆڕێت. لەوانەیە وا پێویست بێت رۆژانە چەند جارێک پشکنین بۆ خۆی ئەنجام بدات، بۆنموونە پێش ژەمەکان، پێش خەوتن، پێش وەرزشکردن یاخود کاتێک نیشانەکانی کەمیی شەکری خوێنی هەیە.
رێژەی شەکرە چەند بێت باشە؟
دکتۆر ئامانج خەزنەدار، پزیشکی پسپۆڕی هەناویی و شەکرە، پێمان رادەگەیەنێت کە ئەنجامی رێژەی شەکری خوێن بۆ نەخۆشانی شەکرە پێویستە بەم شێوەیە بێت:
بەیانیان پێش نانخواردن: 70 بۆ 126 مگ/دل
2 کاتژمێر پاش نانخواردن: کەمتر بێت لە 200 مگ/دل
دکتۆر ئامانج باس لەوەشدەکات هەڵگرتنی ئەنجامەکان لەلای چارەخواز زۆر گرنگە. پێویستە چارەخواز ئاگاداری ئەوەش بێت کە هەم بەرزیی شەکری خوێن، هەم دابەزینی زیاد لەپێویست، مەترسیدارن. پێویستە چارەسەری خێرایان بۆ بکرێت. زانینی نیشانەکانی هەر یەکێکیان گرنگە ودەبێت کەسی نەخۆش ئاگاداریان بێت.
نیشانەکانی دابەزینی شەکری خوێن: لەرزین، سەرگێژخواردن، دڵەکوتە، ئارەقکردنەوە، برسییەتی و توڕەیی.
نیشانەکانی بەرزبوونەوەی شەکری خوێن: برسییەتیی زۆر، تینوێتی، ماندوویی، زۆر میزکردن، وشكیی پێست، ئێڵنجدان و لێڵبوونی بینایی.
09/10/2023