کۆبوونەوەی چەوری لەسەر جگەر چییە؟

کۆبوونەوەی چەوریی سەر جگەر مەترسیدارە؟
کۆبوونەوەی چەوریی سەر جگەر مەترسیدارە؟

جگەر، یەکێکە لە ئەندامە هەرە گرنگەکانی جەستە. بەرپرسە لە بەرهەمهێنانی ئەنزیمەکان، هەندێک هۆرمۆن و بەشێکیش لە کرداری هەرس. هەندێجار، بەهۆی مەی یان هۆکاری دیکەوە، چەوری لەسەر جگەر کۆدەبێتەوە. دەکرێت ئەم چەورییە لە درێژمەودادا ببێتەهۆی گرفتی دیکە.

جۆرەکانی کۆبوونەوەی چەوریی سەر جگەر

چەوریی سەر جگەر، بەگوێرەی هۆکاری تووشبوونەکەی دابەشدەکرێت بەسەر جۆری جیاوازدا.

چەوریی سەر جگەری کحولی

کحول لەناو جگەردا هەرسدەکرێت و دەپاڵێورێت. کاتێک کەسێک کحول دەخواتەوە، بەشێک لە خانەکانی جگەر دەمرن، بەڵام ئەگەر کەم بخواتەوە ئەم خانانە ئاسان جێگەیان دەگیرێتەوە. ئەگەر بێتوو کەسەکە بڕێکی زۆر بخواتەوە، ژمارەی ئەو خانانەی دەمرن زیاتر دەبێت لەوانەی کە دووبارە دروستدەبنەوە، ئەمەش وادەکات چەوری جێگەی ئەم خانانە بگرێتەوە.

چەوریی سەر جگەری ناکحولی

لەم حاڵەتەدا، لەوانەیە کەسەکە لە بنەڕەتەوە کحول نەخواتەوە، بەڵام هەندێک نەخۆشیی زیندەچالاکی وادەکەن کە چەوری لەسەر جگەری کۆببێتەوە. بەشێک لەم نەخۆشییانە ئەمانەن:

  • قەڵەوی
  • شەکرەی جۆری دوو
  • بەرزەفشاری خوێن
  • ناڕێکیی چەورییەکانی خوێن

ئەگەر کەسێک هەفتانە بڕێکی کەم بخواتەوە و تووشی کۆبوونەوەی چەوریی سەر جگەر ببێت، هێشتا هەر پێی دەگوترێت چەوریی ناکحولی. خواردنەوەی بڕێکی کەم لە کحول واتە ژنێک هەفتانە کەمتر لە 140 گرام و پیاوێک کەمتر لە 210 گرام بخواتەوە.

جۆرێکی دیکەی چەوریی سەر جگەر دەکرێت بەهۆی تێکەڵەیەک لە هەردوو هۆکارەکەوە بێت.

ماکەکانی چەوریی سەر جگەر چین و تاوەکو چەند مەترسیدارە؟

لە زۆرینەی حاڵەتەکاندا چەوریی سەر جگەر حاڵەتێکی ئاساییە و مەترسییەکی ئەوتۆ دروستناکات. بەڵام هەندێجار دەکرێت ئەم ماکانەی هەبێت:

  • هەوکردنی جگەر
  • بەڕیشاڵبوونی جگەر
  • بەمۆمبوونی جگەر

ئەم ماکانە زیاتر لە حاڵەتانەدا دەردەکەون کە کەسێکی مەیخۆر دوای ئەوەی دەزانێت چەوریی سەر جگەری هەیە، بەردەوام دەبێت و وازناهێنێت.

نیشانەکانی چەوریی سەر جگەر چین؟

زۆرجار دەکرێت کەسەکە چەوریی سەر جگەری هەبێت و هیچ نیشانەیەکیشی نەبێت؛ دەشکرێت ئەم نیشانانەی هەبێت:

  • ئازاری گەدە
  • شەکەتی
  • دڵتێکەڵهاتن
  • نەمانی ئارەزووی خواردن
  • دابەزینی کێش بەبێ هۆکارێکی دیاریکراو
  • زەردوویی
  • ئەستووربوونی سک
  • ئەستووربوون و ئاوسانی پێیەکان، دەستەکان و قاچ
  • خوێنبەربوون

دوو نیشانەی سەرەتا دەکرێت لە هەر کەسێکدا دەربکەون، بەڵام نیشانەکانی دیکە زیاتر لەو کەسانەدا دەردەکەون کە نەخۆشییەکەیان ماکی بۆ پەیدا بووە و گەیشتووەتە قۆناغی هەوکردن یان بەمۆمبوون.

چارەسەری چەوریی سەر جگەر چییە؟

هیچ چارەسەرێکی تایبەتمەند بە کۆبوونەوەی چەوریی سەر جگەر نییە، بەڵام دەکرێت پزیشکی پسپۆڕ رێنماییت بکات کە بەشێک لە شێوازی ژیانت بگۆڕیت:

  • دوورکەوتنەوە لە کحول: لە کەسانی مەیخۆردا، دوورکەوتنەوە لە کحول یەکێکە لە گرنگترین رێگەکانی چارەسەرکردنی چەوریی سەر جگەر
  • دابەزاندنی کێش: قەڵەوی یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەی چەوریی سەر جگەر. بۆیە گرنگە بەگوێرەی رێنماییەکانی پزیشک، کێش داببەزێنرێت.
  • کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییە بنەڕەتییەکان: ئەگەر کەسەکە بەهۆی شەکرە یان بەرزەفشاری خوێن، یانیش بەرزەچەوریی خوێنەوە تووشی چەوریی سەر جگەر بووبیت، گرنگە هەوڵبدات چارەسەری پێویست بۆ ئەم نەخۆشییانە وەربگرێت.
  • وەرگرتنی ڤاکسینەکان: گرنگە ئەوانەی چەوریی سەر جگەریان هەیە ڤاکسینی ڤایرۆسی جگەری جۆری A و B وەربگرن، چونکە تووشبوون بەم نەخۆشییانە حاڵەتەکەیان قورستر دەکات.

چۆن رێگری لە کۆبوونەوەی چەوریی سەر جگەر دەکرێت؟

  • وەرزشکردن
  • کەمخواردنەوەی مەی
  • راگرتنی کێشی تەندروست
  • وەرگرتنی دەرمانی پێویست بۆ نەخۆشییە زیندەچالاکییە درێژخایەنەکان

دەکرێت چەوریی سەر جگەر نەمێنێت؟

ئەمەیان دەکەوێتە سەر توندیی حاڵەتەکە. ئەگەر بێتوو حاڵەتەکە زۆر توند نەبێت و رێنماییەکانی پزیشک جێبەجێبکرێن، دەکرێت کەسەکە بەتەواوی چاکببێتەوە.