نیشانە مەترسیدارەکانی ئەم سێ جۆرەی جەڵتە بزانە
حاڵەتە مەترسیدارەکانی وەکو جەڵتەی دڵ و مێشک، باون. بەڵام زۆرجار ناسینەوەی نیشانەکانیان ئاسان نییە. چونکە نیشانەکانی ئەم نەخۆشییانە لە کەسێکەوە بۆ یەکێکی دیکە دەگۆڕێن، هەروەها دەکرێت هەمان نیشانە لە نەخۆشییەکانی دیکەشدا رووبدەن.
لەم بابەتەدا ئاماژە بە کۆمەڵێک لە نیشانەکانی جەڵتەی دڵ، مێشک و سییەکان دەدەین
جەڵتەی دڵ
جەڵتەی دڵ بەهۆی گیرانی یەکێک لە خوێنبەرەکانی دڵەوە روودەدات. ئەمە دەبێتەهۆی مردنی بەشێک لە دیوارەکانی دڵ و دڵ لاوازدەکات. ئەگەر یەکێک لە بۆرییە سەرەکییەکانی خوێن بگیرێت، یان گیرانەکە بۆ ماوەیەکی زۆر بەردەوامبێت بەرلەوەی چارەسەر وەربگیرێت، لەوانەیە ببێتەهۆی مردن.
سەرەکیترین نیشانەی جەڵتەی دڵ، ئازار یان قورساییە لە ناوەڕاستی سنگدا. ئازارەکە لەوانەیە بێت و بڕوات، بەتایبەت لە کاتێکدا دروستدەبێت کە کەسەکە دڵەڕاوکێی هەبێت، یانیش وەرزش و جووڵەی زۆر بووبێت. دەکرێت ئازارەکە بیداتە شان، سک، پشت و چەناگە، دەشکرێت هەر تەنیا لە یەکێک لەم شوێنانە ئازار هەبێت.
جگەلە ئازار، کەسەکە دەکرێت هەست بە بێهێزی و شەکەتی، دڵتێکەڵهاتن و رشانەوە بکات.
جەڵتەی مێشک
جەڵتەی مێشک، بە هەمان شێوەی جەڵتەی دڵ بەهۆی گیرانی بۆرییەکی خوێنەوە دروستدەبێت، بەڵام دەشکرێت هۆکارەکەی تەقینی بۆرییەکی خوێن بێت.
ئەگەر جەڵتەکە لە خوێنبەرێکی گەورەدا رووبدات، لەوانەیە لەناکاو کەسەکە توانای قسەکردن، یان تێگەیشتن لە دەوروبەر لەدەستبدات، یان هەست بە سڕبوون و لاوازبوونی لایەکی جەستەی بکات. لێڵبوونی بینین، گێژبوون و سەرئێشەی توند لە نیشانەکانی دیکەی جەڵتەی مێشکن.
هەندێجار، نیشانەی سەرەتایی جەڵتەی گەورەی مێشک، جەڵتەی زووتێپەڕە. لەم جۆرەیاندا هەمان نیشانەکانی جەڵتە دەبینرێن، بەڵام بۆ ماوەیەکی کورت. بۆنموونە کەسەکە لەوانەیە لەناکاو هەست بکات توانای بینینی لە چاوێکدا لاواز دەبێت، بەڵام ئەمە خولەکێک دەخایەنێت و چاکدەبێتەوە. سەرەڕای ئەوەی ئەم جۆرە جەڵتەیە خۆی مەترسیدار نییە، ئاگادارکەرەوەیەکە بۆ ئەوەی کەسەکە مەترسیی تووشبوونی بە جەڵتەی گەورە لەسەرە و پێویست دەکات سەردانی پزیشك بکات.
جەڵتەی سییەکان
جەڵتەی سییەکان کاتێک روودەدات کە کڵۆخوێنێکی مەییو لە خوێنهێنەرەکانی قاچەوە دەچێتە ناو خوێنبەری سییەکان و دەیگرێت. ئەمە وادەکات خوێنی پێویست نەچێت بۆ سییەکان، بەمەش کاری خۆیان ناکەن و بڕی ئۆکسجینی گەیشتوو بە شانەکان کەمدەبێتەوە.
نیشانە سەرەکییەکانی جەڵتەی سییەکان نیشانەی دیارن و کەسەکە بەگشتی پشتگوێیانناخات، بۆنموونە شەکەتی، هەناسەتوندی، ئازاری سنگ و بوورانەوە. گرفتەکە ئەو نیشانانەن کە کەمتر باون و سووکترن. بۆنموونە دەکرێت کەسێک جەڵتەی سییەکانی هەبێت بەڵام نیشانەکانی وەکو دڵەکوتە، خیزەی سنگ، تا، گێژبوون و کۆکەی هەبێت و وابزانێت تووشی پەتایەک بووە.
یەکێک لە رێگەکانی ناسینەوەی نیشانەکان، هەڵسەنگاندنی مەترسییەکانە. بۆنموونە ئەگەر کەسەکە بزانێت یەکێک لە خوێنهێنەرەکانی قاچی گیراوە، یان قاچی سووربووەتەوە و ئەستووربووە، دەکرێت لە کاتی ئەم نیشانانەدا گومانی جەڵتەی سییەکان بکات.
03/01/2025