توێژینەوەیەک: لەڕووی دەروونییەوە دایکان لە باوکان ماندووترن

دایکان زیاتر لە باوکان خەمی خێزانەکانیان دەخۆن
دایکان زیاتر لە باوکان خەمی خێزانەکانیان دەخۆن

سەرەڕای ماندووبوونی جەستەیی و کارکردن، ئەو بارەی بڕیاردان و خەمخواردن لەسەر شانی دایکوباوکانی دادەنێت، زۆرە. بەتایبەت لە کاتی پشووەکانی وەکو سەری ساڵ و جەژنەکاندا.

توێژینەوەیەکی نوێ ئاماژە بەوە دەکات باری دەروونیی سەر شانی دایکان زۆر لەوە زیاترە کە باوکان رووبەڕووی دەبنەوە.

توێژینەوەکە، کە لە گۆڤاری زانستیی Journal of Marriage & Familyـدا بڵاوکراوەتەوە، توێژینەوەی لەسەر سێ هەزار دایکوباوکی ئەمریکی کردووە. دەریخستووە دایکان زیاتر ماندوون بە بڕیاردان و پلاندانان بۆ شتەکانی ناوماڵ و پەیوەست بە خێزانەکانەکەیانەوە، هەروەها زیاتر خەمخۆرن بۆ هەر شتێکی پەیوەست بە خێزانەوە.

توێژینەوەکە باس لەوە دەکات دایکان نزیکەی %71ـی باری دەروونی و هزریی خێزان و ماڵەکانیان هەڵدەگرن. لە کاتێکدا باوکان تەنیا %45ـی ئەرکە دەروونی و هزرییەکانیان لەسەرە.

کاتێک دێتە سەر بابەتی پاککردنەوە و بەخێوکردنی منداڵ، دایکان %79ـی ئەرکەکان جێبەجێدەکەن و باوکان %37. واتە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی دایکان دوو هێندەی باوکان بە بەخێوکردن و پاککردنەوەوە ماندوودەبن. هەرچەندە ئەم توێژینەوەیە لە کوردستان نەکراوە، بەڵام پێشبینیدەکرێت رێژەکە لە خێزانەکانی کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جیاوازبێت و ماندووبوونی دایکان زیاتریش بێت.

یەکێکی دیکە لە بەرەنجامەکانی توێژینەوەکە، ئەوەیە کە بەردەوام باوکان پێیانوایە زیاتر ماندوودەبن و سەرقاڵن بە ئەرکەکانی ناوماڵەوە بەراورد بەو ئەرکانەی رایدەپەڕێنن.

پێشتر توێژینەوەکانی دیکە دەریانخستبوو کە لە ئەو دایک و باوکانەدا کە هەردووکیان ئیشدەکەن، دایکان زیاتر بیر لە وازهێنان لە ئیش یان کەمکردنەوەی کاتژمێرەکانی ئیش لەپێناو خزمەتکردنی ماڵ و منداڵیان دەکەنەوە.