کەڕووی نینۆک چییە؟
کەڕووی نینۆک هەوکردنێکی باوی نینۆکە، سەرەتا وەکو پەڵەیەکی بچوکی سپی یان زەرد بۆ قاوەیی لە سەری نینۆکی پەنجەکانی دەست یان پێدا دەردەکەوێت. لەگەڵ قوڵبوونەوەی زیاتری هەوکردنەکەدا نینۆکە تووشبووەکە رەنگی دەگۆڕێت، ئەستوردەبێت و لێواری نینۆکەکە لەوانەیە لوول ببێت.
ئەگەر کەسێک تووشی ئەم هەوکردنە ببێت بەڵام ئازاری نەبێت، ئەوا لەوانەیە کەسەکە پێویستی بە هیچ چارەسەرێک نەبێت، بەڵام ئەگەر کەسەکە تووشی ئازاربکات و نینۆکەکانی ئەستوور بکات ئەوا هەندێک رێنمایی و دەرمان یارمەتیدەردەبن، بەڵام بە گشتی ئەم هەوکردنە پاش چارەسەرکردنیش ئەگەری دووبارەبوونەوەی زۆرە.
نیشانەکان
بەگشتی نیشانەکان بریتینلە چەند گۆڕانکارییەک کە لە نینۆکەکاندا دەردەکەون وەکو:
- ئەستووربوون
- گۆڕانی رەنگ
- گۆڕانی شێوە
- جیابوونەوەی نینۆک لە پەنجە
- هەبوونی بۆن
- لاوازبوونی نینۆکەکان و وردبوونیان



چی وادەکات مەترسیی تووشبوون زیادببێت؟
- هەڵکشانی تەمەن
- لەپێکردنی ئەو پێڵاوانەی کە وادەکەن پێیەکان زۆر ئارەقبکەنەوە
- رۆیشتن بە پێی پەتی لەو شوێنانەی کە شێدارن وەکو مەلەوانگە، هۆڵی لەشجوانی و گەرماو
- برینی بچوک لە پێستی پەنجەکانداە
- ئەو کەسانەی کە خۆیان نەخۆشییەکی پێستیان هەیە وەکو نەخۆشێ سەدەف
- ئەو کەسانەی نەخۆشیی شەکرەیان هەیە
- ئەو کەسانەی کە سیستمی بەرگرییان لاوازە
- ئەو کەسانەی گرفتی سووڕی خوێنیان هەیە
ماکەکان
ئەگەر کەسێک بە توندی تووشی ئەم هەوکردنە ببێت، ئەوا تووشی ئازار و ناڕەحەتییەکی زۆر دەبێت، هەروەها لەو کەسانەی کە سیستمی بەرگرییان لاوازە، هەندێک دەرمان بەکاردەهێنن یان نەخۆشیی شەکرەیان هەیە مەترسیی تووشبوونیان بە هەوکردنی توندتر و گشتگیرتر هەیە.
رێگەکانی خۆپارێزی
- پێویستە نینۆک بە پاکی و وشکی رابگیرێت، هەروەها دەست و پێیەکان زووزوو بشۆررێن
- کەسانی تووشبوو پێویستە پاش دەستدان لە پەنجەیەکی هەوکردوو، دەستەکانیان بشۆن هەروەها دەبێت پاش شوشتن بەباشی ژپەنجەکانیان وشکبکەنەوە و شێدارکەرەوە بەکاربهێنن
- پێویستە نینۆکەکان ببڕرێن و لێواری نینۆکەکان سافبکرێن، هەروەها پاش هەموو بەکارهێنانێک نینۆکبڕ بە کحول یان ماددەی تایبەت خاوێنبکرێتەوە
- نابێت نینۆکەکان درێژبن، چونکە ژینگەیەکی لەبار دروستدەکات بۆ گەشەکردنی کەڕووەکە
- پێویستە پێڵاوی کۆن فڕیبدرێت یان زووزوو پاکبکرێتەوە و دەرمانی دژەکەڕووی لێبدرێت
- لەپێنەکردنی ئەو گۆرەوییانەی کە ئارەق گلدەدەنەوە، وەکو گۆرەوییەک کە بە تەواوی لە لۆکە دروستکرابێت، یان پێویستە رۆژانە زووزوو گۆرەوی بگۆڕرێت
- نابێت بە پێی پەتی لە مەلەوانگەکاندا هاتوچۆ بکرێت
- دوورکەوتنەوە لە نینۆکی دەستکرد
01/01/2025