بەڕاستی ئەڤۆکادۆ هێندە بەسوودە؟
ئەڤۆکادۆ بە یەکێک لەو میوانە دادەنرێت کە دەوڵەمەندە بە بەهای خۆراکیی گرنگ و زۆرجار دەبینین کە ئەو کەسانەی دەیانەوێت تەندروستتر بژین و کێشی جەستەیان داببەزێنن، بە شێوازێکی بەرچاو ئەڤۆکادۆ لە ژەمەکانیاندا بەکاردەهێنن، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئەڤۆکادۆ بەڕاستی هێندە تەندروستە؟
سوودەکانی ئەڤۆکادۆ
- دەوڵەمەندە بە چەوریی تەندروست: ئەڤۆکادۆ دەوڵەمەندە بە چەوریی تەندروست و رێژەی چەوریی خراپ کەمدەکاتەوە بەمەش تەندروستیی دڵ باشتر دەکات
- پۆتاسیۆم: ئەڤۆکادۆ دەوڵەمەندە بە پۆتاسیۆم کە کانزایەکی گرنگە بۆ رێکخستنی فشاری خوێن. لەگەڵ ئەوەی هەمیشە مۆز وەکو دەوڵەمەندترین میوە بە پۆتاسیۆم دادەنرێت، بەڵام لە راستیدا ئەڤۆکادۆ رێژەیەکی زیاتری لەم کانزا گرنگە تێدایە
- ڤیتامین و کانزاکان: ئەڤۆکادۆ دەوڵەمەندە بە ڤیتامین سی، کەی، ئی و بی6، هەروەها دەوڵەمەندە بە فۆلەیت و مەگنیسیۆم. ئەمانەش رۆڵی گرنگیان هەیە لە فرمانە گرنگەکانی جەستەدا وەکو باشترکردنی سیستمی بەرگری و تەندروستیی ئێسک
- ریشاڵ: ئەڤۆکادۆ سەرچاوەیەکی گرنگە بۆ ریشاڵ، کە یارمەتیی هەرسکردن دەدات و رێژەی شەکری خوێن رێکدەخات
- دژەئۆکسێن: ئەڤۆکادۆ چەندین دژەئۆکسێنی گرنگی تێدایە وەکو لوتین کە تەندروستیی چاوەکان دەپارێزن
- تەندروستیی پێست: ئەو ڤیتامین و دژەئۆکسێنانەی لە ئەڤۆکادۆدا هەن یارمەتیی نوێبوونەوە و تەندروستهێشتنەوەی خانەکانی پێست دەدەن
- کێشدابەزاندن: لەگەڵ ئەوەی دەوڵەمەندە بە چەوری، بەڵام ئەڤۆکادۆ وادەکات کەسەکە هەست بە تێری بکات ئەمەش یارمەتیی کێشدابەزاندن دەدات
- سەرچاوەی پڕۆتینە: ئەڤۆکادۆ بە یەکێک لە دەوڵەمەندترین سەرچاوەکانی پڕۆتین دادەنرێت کە بژاردەیەکی باشە بۆ ئەو کەسانەی گۆشت ناخۆن و رووەکین
- دژەپیرییە: ئەڤۆکادۆ رۆڵی هەیە لە پاراستنی خانەکان دژی زیانەکانی فشارەئۆکسێنەکان، بەمەش یارمەتیی هێواشکردنەوەی نیشانەکانی پیری دەدات
- دژەهەوکەرە: لە هەندێک توێژینەوەدا دەرکەوتووە کە پێکهاتەکانی ئەڤۆکادۆ تایبەتمەندیی دژەهەوکردنیان هەیە، ئەمەش وادەکات هەوکردنی جەستە کەمببێتەوە و مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجە کەمدەکاتەوە
لەبەر ئەم سوودانەیە کە ئەڤۆکادۆ هەمیشە وەکو یەکێک لە تەندروستترین خۆراکەکان باسدەکرێت و پسپۆڕان هانی هەمووان دەدەن کە لە ژەمەخۆراکییەکانیاندا ئەم میوە گرنگە هەبێت، بەڵام هاوکات پێویستە بە شێوازێکی مامناوەند بخورێت و زیادەڕەوی تێدا نەکرێت، چونکە کالۆری زۆری تێدایە و بەشێک لە پسپۆڕان پێیان وایە کە لە رۆژێکدا تەنیا یەک ئەڤۆکادۆ بەس بێت و لەوە زیاتر نەخورێت، لەگەڵ ئەوەشدا گرنگە ئەوەش بزانرێت کە ئەو وزەیەی کەسێک لە رۆژێکدا بەکاریدەهێنێت جیاوازە لە کەسێکی دیکە هەربۆیە پێویستە بەگوێرەی پێویستیی جەستە بخورێت.





03/01/2025