پسپۆڕێکی پێست باس لە مەترسییەکانی جوانکاریی نینۆک دەکات

د. شەونم عەبدوڵا، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری
د. شەونم عەبدوڵا، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری

ئێستا جوانکاری و دەستکاریکردنی نینۆکەکان لەناو خانماندا بڵاوە و ژمارەیەکی زۆر لە سەنتەرە فەرمی و نافەرمییە جوانکارییەکان لە هەرێمی کوردستان ئەم کارانە دەکەن.

د. شەونم عەبدوڵا، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری، لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵ8 سەبارەت بەم جۆرە جوانکارییانەی نینۆک گوتی "مانیکیور و پێدیکیور ئەو جوانکارییانەن بۆ نینۆکی دەست و قاچ دەکرێن، لەکاتی جوانکارییەکاندا پێستی چواردەوری نینۆک دەبڕرێت و کەسەکە بەگوێرەی شێوازی خوازراوی خۆی نینۆکی بۆ چاکدەکرێت، بەگشتی لەبەر چەند هۆکارێک ئێمە وەکو پزیشکانی پسپۆڕی پێست و جوانکاری زۆر لەگەڵ ئەم جوانکارییانەدا نین".

پسپۆڕەکە گوتی، لەکاتی ئەنجامدانی جوانکارییەکەدا چینێکی پارێزەری پێست دەبڕرێت و ئەمەش ئاسانکاری بۆ چوونە ناوەوەی ئاو دەکات و لە ئەنجامدا ئەگەری تووشبوونی نینۆکەکە بە هەوکردن زیاددەکات.

وەکو پسپۆڕەکە ئاماژەی پێدا، یەکێکی دیکە لە مەترسییەکانی جوانکارییەکانی نینۆک گواستنەوەی نەخۆشییە ڤایرۆسییەکانە؛ "کاتێک ئەو کەرەستە و ئامێرانەی لە سەنتەرەکاندا بەشێوەیەکی زانستی خاوێنناکرێنەوە، ئەگەری گواستنەوەی ڤایرۆسەکان لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە زیاددەکات، بۆ نموونە ڤایرۆسی هەوکردنی جگەر".

سەبارەت بە دانانی نینۆک، پۆڵیش، جێڵ و لەیزەر، پسپۆڕەکەی پێست و جوانکاری ئاماژەی بەوە کرد کە بەهۆی ئەو ماددە و تیشکانەی کە بەکاردەهێنرێن، کەسەکە مەترسیی تووشبوونی بە هەندێک جۆری شێرپەنجە زیاددەکات.

توێژینەوە نوێکان دەریدەخەن ئارایشتەکان، پەنجەبۆیە، بۆن و کرێم هەندێک ماددەیان بەناوی PFASـیان تێدایە کە کۆمەڵە پێکهاتەیەکی کیمیایین کە کاتێکی زۆریان دەوێت تاوەکو لەناودەچن و کاریگەریی نەرێنیان لەسەر تەندروستیی مرۆڤ هەیە، تەنانەت دەکرێت لەکاتی دووگیانیدا لەڕێگەی خوێنەوە بگەن بە کۆرپە و لەکاتی شیرپێدانی سروشتیشدا لەڕێگەی شیرەوە بگوازرێنەوە بۆ منداڵە شیرەخۆرەکە.