دانوستانکارێکی پێشووی ئیسرائیل بۆ کەناڵ8: رێککەوتنەکە خراپە
گێرشۆن باسكين، پێشتر وەک دانوستانکارێکی ئیسرائیل لە گفتوگۆکان لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس بەشداربووە، بۆچوونى وایە ئەو رێککەوتنى ئاگربەستەى ئێستا لە ئارادایە "خراپە" و هیچ گرەنتییەکى بۆ ئازادکردنى سەرجەم بارمتەکان، تێدا نییە.
قەتەڕ کە لەگەڵ ئەمریکا و میسڕ نێوەندگیری لەنێوان حەماس و ئیسرائیل دەکات رایگەیاند، ئەو دانوستانانەی ئێستا لە دەوحە بەڕێوەدەچن گەیشتوونەتە "قۆناغی کۆتایی" و دوا بەربەستەکانی بەردەم گەیشتن بە رێککەوتن "چارەسەر کراون".
گێرشۆن باسكين، بە کەناڵ8ـى گوت "رێککەوتنەکە هەمان ئەو رێککەوتنەیە کە لە مانگی 5ـی ساڵی رابردوو لەسەر مێزی دانوستانەکان بوو، ئەو کاتە ئاگربەستەکە خراپ بوو، ئێستاش هەر خراپە".
گێرشۆن باسكين، بۆچوونى وایە ماوەی ئاگربەستەکە درێژە و دوو بۆ سێ مانگ دەخایەنێت و تەنیا 33 بارمتەش لەماوەی 42 رۆژی سەرەتادا دەگەڕێنەوە ماڵەکانی خۆیان و ئازاد دەکرێن، ئەوانی دیکە دوای ئەو ماوەیە ئازاد دەکرێن کە هیچ گرەنتیەک نییە".
ئەو دانوستانکارەى پێشوو، گوتی "لە مانگی ئەیلوولی رابردوودا حەماس رەزامەندی دەربڕی لەسەر رێککەوتنێکی سێ هەفتەیی کە تێیدا جەنگ کۆتایی بێت و ئیسرائیل بکشێتەوە، هەموو بارمتەکان دەگەڕێنەوە ماڵەوە لە بەرامبەر ئازادکردنی زۆربەی دیلە فەڵەستینییەکان". گوتیشى "ئەو کاتە حەماس رەزامەندیشى دابوو دەسەڵات لە غەززە بۆ دەسەڵاتێکی مەدەنی تەکنۆکرات دەگوازنەوە".
بە گوێرەى بەشێک لەو زانیارییانەى ئێستا لە میدیاکاندا بڵاوکراونەتەوە، رەشنووسى رێککەوتنەکە، لە هەنگاوى یەکەمدا جەنگ رادەگیرێت و لەبەرامبەر ئازادکردنى بارمتەکانیشدا، ئیسرائیل هەزار دیلى فەڵەستینى ئازاد دەکات. بەشێکى دیکەى رێککەوتنەکە کشانەوەى سوپاى ئیسرائیل و زیادکردنى هاوکارییەکانى بۆ غەززە تێدایە.
15/01/2025