ئەو هۆکارانە چین کە مەترسی لەسەر شۆفێریکردن دروستدەکەن؟

گران جاف 17/01/2025

زۆرن ئەو حاڵەتە تەندروستییانەی وادەکەن کەسێک لەکاتی شۆفێریدا نەتوانێت هۆشداریی تەواوی هەبێت، ئەمەش زۆر جار رووداوی گەورە و مەترسیداری لێدەکەوێتەوە، هەربۆیە گرنگە بزانرێت ئەو هۆکارانە چین کە کاریگەری لەسەر شێوازی شۆفێریکردن دادەنێن.

هەبوونی زانیاری و ناسینەوەی حاڵەتەکان وادەکەن بتوانین تاوەکو رادەیەکی زۆر خۆمان لە رووداوی کوشندە بپارێزین.

ئەو هۆکارانەی کاریگەری لەسەر شێوازی شۆفێریکردن دادەنێن:

  • خواردنەوەی کحول و بەکارهێنانی دەرمانی بێهۆشکەر: هەریەکێک لە خواردنەوەی کحول و بەکارهێنانی دەرمانە بێهۆشکەرەکان وادەکەن رێژەی هۆشداری شۆفێران کەمببێتەوە، بەمەش شۆفێرەکە ناتوانێت لە مەترسییەکان تێبگات یان بزانێت لە چ کاتێکدا پێویستە بووەستێت و بڕوات، یان لەوانەیە زۆر خێرا لێبخوڕێت و بە گرفتی نەزانێت. ئەم گرفتانە لە شێوازی بیرکردنەوەدا کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر شێوازی شۆفێریکردنەکە دەبێت
  • هەندێک جۆری دەرمان: هەندێک جۆری دەرمان وەکو دەرمانەکانی هەستەوەری و پەتا، وادەکەن کەسی بەکارهێنەر هەست بە گێژبوون بکات، ئەمەش هۆکارێکە بۆ نەبوونی ئاگاییەکی تەواو لەکاتی شۆفێریکردندا. هەربۆیە گرنگە کاتێک دەرمانێک وەردەگرین، زانیاریی تەواومان لەسەر کاریگەرییەکانی دەرمانەکە هەبێت
  • پەشێوییە دەروونییەکان: گرفتە دەروونییەکانی وەکو دڵەڕاوکێ، خەمۆکی و تووڕەیی لەکاتی شۆفێریدا، هۆکارن بۆ شۆفێریکردنێکی مەترسیدار. گرنگە ئەم کەسانە پێش دەستکردن بە شۆفێری، نیشانەکانی خۆیان بناسنەوە و هەڵیانبسەنگێنن، لە ئەگەری هەبوونی نیشانەی تونددا لە شۆفێری دووربکەونەوە.
  • گرفتەکانی بینین: لەدەستدانی توانای بینین یەکێكی دیکەیە لە هۆکارەکان. لەگەڵ تەمەندا توانای بینین خراپدەبێت، هەروەها ئەو کەسانەی کە ئاوی سپیی چاویان هەیە، بینینیان تەڵخدەبێت و دەبێتەهۆی کەمیی بینین یان دووانەبینین. هەموو ئەمانەش کاریگەری لەسەر شۆفێریکردن دادەنێن و مەترسیی تووشبوون بە رووداوی هاتوچۆ زیاددەکەن
  • خەڵەفان: خەڵەفان کۆمەڵێک حاڵەتی تەندروستی دەگرێتەوە و باوترین هۆکاریشی نەخۆشیی ئاڵزەهایمەرە. خەڵەفان چەند گرفتێک لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، وەکو لەدەستدانی یادگە، لەدەستدانی توانای چارەسەرکردنی کێشە و گرفت، گرفتی هزری و لەبیرچوونەوەی زمان. هەموو ئەمانەش دەبنەهۆی ئەوەی کەسەکە بۆ شۆفێریکردن شیاونەبێت.
  • پەرکەم: ئەو کەسانەی پەرکەمیان هەیە و زووزوو تووشی نۆبەی گەشکە دەبن، نابێت شۆفێری بکەن، هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆئەوەی کە لەکاتی گەشکەدا، کەسەکە بۆ ماوەیەکی کاتی بێهۆشدەبێت، هەربۆیە گرنگە ئەم کەسانە لەژێر چاودێریی پزیشکی پسپۆڕدا بن و بەبێ کۆنترۆڵکردنی حاڵەتەکەیان شۆفێری نەکەن
  • نەخۆشییە دەمارییەکان: هەریەکێک لە نەخۆشییە دەمارییەکانی وەکو پارکینسن و رەقبوونی دەمارەکان، کاریگەری لەسەر کۆئەندامی مێشک و دەمار دادەنێن، ئەمەش راستەوخۆ کاریگەریی لەسەر شێوازی شۆفێریکردن هەیە. ئەو کەسانەشی کە تووشی جەڵتەی مێشک دەبن، پێویستە چارەسەری تەواو وەربگرن و پزیشکی پسپۆڕ حاڵەتەکەیان هەڵبسەنگێنێت، بۆئەوەی بزانن کە ئایا توانا جەستەیی و مێشکییەکانی تووشبووەکان بۆ شۆفێریکردن دەشێت یان نا
گران جاف

17/01/2025