ئەمریکا پێشوازی لە کۆبوونەوەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانی و مەسرور بارزانی دەکات
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پێشوازی لە کۆبوونەوەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانی و مەسرور بارزانی دەکات و دەڵێت، "هانی هاوبەشەکانمان لە هەرێمی کوردستان دەدەین بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت"؛ هاوکات دیدارەکەی نێوان مەزڵوم عەبدی و مەسعود بارزانییان بە گرنگ ناوبرد و پێشوازییان لێکرد.
نووسینگەی رۆژنامەوانیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیارێکی کەناڵ8ـدا سەبارەت بە کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، " پێشوازی لە هەوڵی سەرکردە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆسەی سیاسی".
دەشڵێت، هانی هاوبەشەکانمان لە هەرێمی کوردستان دەدەین بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت دوای هەڵبژاردنی تشرینی یەکەمی رابردوو، کە رێگە بە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەدات دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان بەهێزبکات و چاکسازیی ئەنجامبدات.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە کەناڵ8ی راگەیاند، ئەوان پێشوازی لە دیداری نێوان مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات و مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەن و گوتیان ئەنجامدانی گفتوگۆی ناوخۆیی "کورد" دەبێتە هۆی دروستکردنی نوێنەرایەتییەکی بەهێزیان لە سووریای ئایندەدا.
کۆبوونەوەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژی پێنجشەممە بەڕێوەچوو، تێیدا باسیان لەهەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت کرد.
هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و سەرۆکی شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس کۆبوونەوەکەی بە "بنیادنەرانە" وەسفکرد.
سەبارەت بە کۆبوونەوەی نێوان مەسعود بارزانی و مەزڵوم عەبدی، نووسینگەی رۆژنامەوانیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە کەناڵ8ـی راگەیاند، هەموو پێکهاتەکانی سووریا مافی بەشدارییکردنیان هەیە لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی سووریادا، ئەمە مافێکی گەردوونییە و گرنگە بۆ هێنانەدی حکومڕانیی باش، سەروەری یاسا، گەشەپێدانی ئابووری و پێشخستنی مافەکانی مرۆڤ.
مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هەسەدە رۆژی پێنجشەممە کۆبوونەوە و جەختیانکردەوە لەسەر یەکڕیزی و یەکهەڵویستیی لایەنە کوردییەکان لە سووریا لەپێناو بەدەستهێنانی مافەکانی کورد لە ئیدارەی نوێی سووریادا.
18/01/2025