ئامانج و ستراتیجی دێسکی تەندروستیی کەناڵ8 چییە؟

د. سەروەر چوچانی، بەڕێوەبەری دێسکی تەندروستیی کەناڵ8
د. سەروەر چوچانی، بەڕێوەبەری دێسکی تەندروستیی کەناڵ8

18ـی كانوونی دووەمی 2025 ساڵێک بەسەر دەستپێکی پەخشی کەناڵ8ـدا تێپەڕدەبێت. کەناڵ8 بە درێژایی ساڵی رابردوو بەتەواوی پابەند بووە بە ئەخلاقە پیشەیی و رۆژنامەوانییەکانەوە. لە ماوەی ساڵی رابردوودا سەدان پسپۆڕ و بەرپرسی تەندروستی و ژینگەیی لەڕێگەی بەرنامە و چاوپێکەوتنەکانی دێسکی تەندروستیی کەناڵ8ـەوە زانیاریی و هۆشیارییان پێشکەش بە وەرگرانی کورد کردووە.د. سەروەر چوچانی، بەڕێوەبەری دێسکی تەندروستیی کەناڵ8 لەمیانی چاوپێکەوتنێکدا باسی لە گرنگیی دێسکی تەندروستی کرد و ستراتیج و ئامانجەکانی دێسکەکەی خستەڕوو.

بۆچی گرنگ بوو کەناڵ8 دێسکی تەندروستیی هەبێت؟

د. سەروەر چوچانی: هەر میدیایەک وەرگرەکانی لا گرنگ بیت دەبیت تەندروستیی وەرگرەکانیشی لا گرنگ بێت، چونکە مرۆڤ ئەگەر تەندروست نەبێت، ناتوانێت چێژ لە بوارەکانی دیکە وەربگرێت و گرنگی بە بابەتە سیاسی، وەرزشی و کولتوورییەکان بدات. خاڵی دووەم ئەوەیە کە ئێستا هەواڵی ساختە لە هەموو بوارەکاندا زۆرە، لە تەندروستیشدا بە هەمان شێوە هەواڵی ساختە زۆرە، بۆیە گرنگ بوو میدیایەکی پرۆفیشناڵ بەشێوەیەکی بەرپرسیارانە رێگە راستەکە پیشانی خەڵکی بدەن. ئێمە هەموومان لە دێسکی تەندروستیی کەناڵ8 پزیشکین، پزیشکی گشتی، پزیشکی دەروونی، پزیشکی ددان و پزیشکی دەرمانسازی، هەربۆیە بەشێوەیەکی پیشەیی بابەتەکان پێشکەش بە بینەری کەناڵ8 دەکات و ئەمەش متمانەی زیاتر لای بینەر دروست دەکات. سەرەڕای ئەمە کەناڵ8 دێسکی تەندروستیی کرووە بە فلتەری بابەتە زانستی و تەندروستییەکانی بەشەکانی دیکەی کەناڵەکە.

ئامانج و ستراتیجی دێسکی تەندروستیی کەناڵ8 چییە؟

د. سەروەر چوچانی: ستراتیجی یەکەمی ئێمە نەخۆشنەکەوتنە، واتا مرۆڤ پێش ئەوەی نەخۆش بکەوێت خۆی بپارێزێت. ئێمە زۆر کارمان لەسەر خۆپارێزی کردووە، لەماوەی ساڵێکدا 411 پزیشک و کەسانی پسپۆڕی تەندروستی لەڕێگەی شاشەی کەناڵ8ـەوە پەیامی خۆیان گەیاندووە و هانی خۆپارێزیی تەندروستییان داوە. دوو لە سێی هەموو بابەتەکانی دێسکی تەندروستیی کەناڵ8 تایبەت بووە بە خۆپاراستنی تەندروستی.

ستراتیجی دووەم گرنگیدانی زیاتر بە هەواڵە تەندروستییەکان و سەرنجڕاکێشانی هاونیشتمانییانە بۆ هەواڵە تەندروستییەکان، بەو پێیەی لە هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا گرنگییەکی زۆر بە هەواڵە سیاسییەکان و گرژی و پێکدادانەکان دەدرێت. دێسکی تەندروستیی کەناڵ8 هەوڵی بۆ ئەوە داوە گرنگی بە دۆزینەوە زانستییەکانی هەرێمی کوردستان و رووداوە تەندروستییە ناوخۆیی و جیهانییەکان بدرێت.

گەیاندنی دەنگی پزیشکانی ناوخۆ بە جیهان و وڵاتانی دراوسێ یەکێکی دیکەیە لە ستراتیجەکانی دێسکی تەندروستیی کەناڵ8. هەر پزیشکێکی کورد کە میوانی دێسکی تەندروستیی کەناڵ8 دەبێت، بابەتەکانی وەردەگێڕرێنە سەر زمانی تورکی، عەرەبی، فارسی و ئینگلیزی، بۆ ئەوەی خوێنەرانی ئەم زمانانە بابەت و بۆچوونی زانستیی پزیشکانی کوردیان بەرچاو بکەوێت. لەم رووەوە دەکرێت لەڕێگەی دێسکی تەندروستیی کەناڵ8ـەوە گەشتیاریی تەندروستیی هەرێمی کوردستان زیاتر پێشبکەوێت.

دێسکی تەندروستیی کەناڵ8 چۆن گرنگیی بە تەندروستیی کارمەندەکانی کەناڵ8 داوە؟

د. سەروەر چوچانی: دێسکی تەندروستیی کەناڵ8 وەکو بنکەیەکی راوێژکاریی وایە و هەموو کارمەندانی کەناڵەکە دەتوانن داوای یارمەتی و رێنمایی پزیشکی بکەن. لەڕووی کرداریشەوە ئەمەمان جێبەجێ کردووە و بەخۆشحاڵییەوە بە دەستپێشخەریی بەشی تەندروستیی کەناڵ8، هەموو کارمەندانی کەناڵەکە کوتانی نەخۆشییە گوازراوەکانیان وەرگرتووە.