شاسوار عەبدولواحید: پارتی پێشنیازی چەند پۆستێکی بۆ کردووین

شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئەمڕۆ هەردوو فراکسیۆنى جوڵانەوەى نەوەى نوێ لە پەرلەمانى کوردستان و ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق لەگەڵ ئەنجوومەنى سیاسیی جوڵانەوەکە کۆبوونەتەوە و چەند بڕیارێکیان دەرکردووە.
ئاماژەى بەوەشکرد، خاڵى یەکەمى کۆبوونەوەکەیان تایبەت بووە بە دانیشتنى پەرلەمانى کوردستان، ئەگەر لەم هەفتەیەدا دەستەى سەرۆکایەتى هەڵنەبژێردرێت، پەرلەمانتارەکەیان دەست لە پۆستى سەرۆکى تەمەنى پەرلەمانى کوردستان دەکشێتەوە.
گوتیشى، ئەو پێشنیازەى کە لەلایەن پارتى دیموکراتى کوردستانەوە بۆیان کراوە بۆ وەرگرتنى ژمارەیەک وەزیر و بەڕێوەبەرى گشتى رەتدەکەنەوە و بەهیچ شێوەیەک بەشدارى لە حکومەتێک ناکەن دەسەڵاتیان نەبێت.
سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ راشیگەیاند، ئامادەن بەبێ مەرج دەنگ بە بەربژێرى سەرۆکوەزیران بدەن کە لە دەرەوەى پارتى دیموکراتى کوردستان بێت.
18/01/2025