ئەو مەرجانە چین کە پێویستە لە شیری قوتوی منداڵدا هەبن؟

گران جاف 24/01/2025
د. تارا بابان، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکان و گەشەی منداڵان. فۆتۆ: دانا عەبدولکەریم
د. تارا بابان، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکان و گەشەی منداڵان. فۆتۆ: دانا عەبدولکەریم

د. تارا عەلی بابان، پزیشکی پسپۆڕی گەشە و خۆراکی منداڵان، لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵ8 بە روونی باسی لەو مەرجانە کردووە کە پێویستە لە شیری قوتوی منداڵدا هەبێت.

سەرەتا د. تارا باسی لە گرنگیی شیری دایک کرد و گوتی "باشترین جۆری شیر بۆ منداڵ، شیری دایکە و پێویستە بە هەموو جۆرێک هەوڵ بدرێت کە منداڵ شیری دایکی پێبدرێت"

لەگەڵ ئەوەشدا پسپۆڕەکە باسی لەوەش کرد کە هۆکار زۆرن بۆئەوەی خانمێک نەتوانێت شیری خۆی بدات بە منداڵەکەی، لەم کاتانەدا پێویستە شیری قوتو رەچاوبکرێت و وەکو جێگرەوەیەک بەکاربهێنرێت.

د. تارا عەلی گوتیشی کە گرنگترین هەنگاو لە پێش هەڵبژاردنی جۆری شیری قوتودا، سەردانکردنی پزیشکی پسپۆڕە، چونکە جۆر و تایبەتمەندییەکانی ئەم جۆرە شیرە زۆرن و پێویستە پزیشکەکە بە گوێرەی تەمەن و گرفتەکانی منداڵەکە هەڵیببژێرێت.

سەبارەت بە مەرجەکانی شیری قوتو پسپۆڕەکە گوتی "پێویستە رێژەی وزەی شیرەکە بەجۆرێک بێت، لە 100 مل شیردا 60 کیلۆکالۆری کەمتری تێدانەبێت و لە 70 کیلۆکالۆریش زۆرتر نەبێت"

گرنگە پزیشکی پسپۆڕ گرنگیبدات بە رێژەی ڤیتامین، کانزاکان، پڕۆتین و چەوریی شیرەکەش، و دڵنیاببنەوە لەوەی شیرەکە بەگوێرەی ستانداردەکان ئەم بەها خۆراکییە گرنگانەی تێدایە.

یەکێک لەو مەرجانەی کە د. تارا عەلی بابان  زۆر بە گرنگییەوە باسیکرد، یەکێکە لەو پێکهاتە گرنگانەی کە پێویستە شیری قوتو تیایدابێت " یەکێک لە پێکهاتە گرنگەکان بریتییەلە هیومەن میڵک ئۆلیگۆسەکەراید، ئەم پێکهاتەیە بە سروشتی لە شیری دایکدا هەیە، بەڵام بە خۆشحاڵییەوە ئێستا بەشێک لە کۆمانیاکانی شیری قوتو توانیویانە ئەم پێکهاتەیە بخەنە ناو بەرهەمەکانیانەوە"

هیومەن ئۆلیگۆسەکەراید، کاربۆهیدراتێکی ئاڵۆزە و لە پاش چەوری و لاکتۆز، بە سێیەم زۆرترین پێکهاتەی شیری سروشتی دادەنرێت.

گران جاف

24/01/2025