کونسوڵخانەی ئەڵمانیا بۆ کەناڵ8: پێویستە تورکیا بە گوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان مامەڵە بکات
کونسوڵخانەی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان بە کەناڵ8ـی راگەیاند، پێویستە تورکیا بە رێگەی دیپلۆماسی و بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان کێشەکانی لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات چارەسەر بکات.
رێبێکا ماتێس، بەرپرسی کاروباری سیاسی و ئابووریی کونسوڵی ئەڵمانیا، لەبارەی هەڵوێستی وڵاتەکەی لەسەر هێرشەکانی تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لێی بۆ سەر هێزەکانی هەسەدە بە کەناڵ8ـى راگەیاند، "لە کاتێکدا ئەڵمانیا دان بە بەرژەوەندییە ئەمنییە رەواکانی تورکیادا دەنێت، بەڵام پێویستە بە رێگەی هەوڵی دیپلۆماسی و هاوتەریب لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییەکان چارەسەر بکرێن".
ئاماژەی بەوەش کرد، وڵاتەکەی چەندین جار داوای کۆتاییهێنان بە شەڕەکانی نێوان سوپای سووریای ئازاد و هێزەکانی سوریای دیموکرات و رێزگرتن لە یاسا نێودەوڵەتییەکان و کەمکردنەوەی توندوتیژییەکانی لە باکووری سوریا کردووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، دۆخی باکووری سوریا بابەتێکی سەرەکی بوو لە کاتی گەشتەکەی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بۆ ئەنقەرە لە 20ـی کانوونی دووەمی ساڵی رابردوو هەروەها لە کاتی گفتوگۆکانی لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە پەراوێزی کۆنفرانسی سووریا لە ریازی پایتەختی سعودیە.
بەرپرسی کاروباری سیاسی و ئابووریی کونسوڵی ئەڵمانیا دەشڵێت، وڵاتەکەی داوا لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات رۆڵی بنیادنەر بگێڕن لە پێناو بەرەوپێشبردنی گواستنەوەی سیاسیی گشتگیر لە سووریا، کە نوێنەرایەتی هەموو گرووپەکان بکات و ئاسایش بۆ هەموو کەمینەکان دابین بکات، بە پێکهاتەی کوردیشەوە.
22/01/2025