ترەمپ: رێگە نادەین ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هیوادارە بگەنە رێککەوتنێکی ئەتۆمی نوێ لەگەڵ ئێراندا و خۆیان بەدووربگرن لە کردنە ئامانجی بنکە ئەتۆمییەکانی تاران.
ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی رایگەیاندووە، هیوادارە ئێرانییەکان وڵاتێکی مەزن و توانایەکی گەورەیان هەبێت، گەلێکی سەرسوڕهێنەرن، بەڵام ناهێڵن وڵاتەکە ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
سەبارەت بەوەی کە دەکرێت متمانە بە سەرکردایەتیی ئێران بکرێت، بۆ واژۆکردنی رێککەوتنێکی ئەتۆمی، بێ خۆدزینەوە و پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، چەندین رێگە هەیە بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی یەکلاکەرەوە دڵنیاببنەوە، بەڵام بەر لە هەر رێککەوتنێک، دەبێتە 10 جار دڵنیا ببنەوە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ترەمپ جەختیکردووەتەوە، بە هیچ شێوەیەک نابێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، چونکە ئەگەر بەدەستیبهێنن، ئەوا هەموان دەبنە خاوەنی، ئەوەش دەبێتە کارەساتێکی گەورە و مەترسیدار.
سەبارەت بە ئەگەری هێرشکردنە سەر بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئەو بابەتە لەگەڵ کەسانی پایەبەرز تاوتوێ دەکات، بێ ئەوەی ناوەکانیان و کاتەکەی دیاریی بکات، گوتیشى، کارێکی باشە ئەگەر بتوانن ئەو کێشەیە بێ بەکارهێنانی هێز و هێرشکردنە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران چارەسەر بکەن.
24/01/2025