کام رێگەی رێگریکردن لە دووگیانی گونجاوە بۆت؟

د. چاوان شێخ حسێن، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبوون
د. چاوان شێخ حسێن، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبوون

رێگەکانی رێگریکردن لە دووگیانی، رێگەی باش و سەلامەتن بۆ ئەو خانمانەی لە تەمەنی منداڵخستنەوەدان و نایانەوێت منداڵیان ببێت. چەندین رێگەی جۆراوجۆری منداڵخستنەوە هەن، زۆرجار لەوانەیە پزیشکی پسپۆڕ خانمەکە سەرپشکبکات لە هەڵبژاردنی رێگەیەک، لەم نێوانەشدا نەبوونی زانیاریی پێویست لەسەر رێگەکان، وادەکات بڕیاردان بۆ خانمەکە ئاسان نەبێت.

بۆ قسەکردن لەسەر ئەم بابەتە، کەناڵ8 لێدوانی لە پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵبوون، د. چاوان شێخ حسێن وەرگرتووە.

د. چاوان شێخ حسێن باسی لەوە کرد "هەموو رێگەکانی دووگیانی باشی و خراپی خۆیان هەیە، هیچ رێگەیەکمان نییە بتوانین بڵێین %100 باشە"

زۆریی رێگەکان بەو واتایە نایەت هەموو خانمێک دەتوانێت هەر یەکێک لەو رێگەیانەی پێ گونجاو بوو بەکاریبهێنێت، زۆرجار دەکرێت یەکێک یان ژمارەیەک لە رێگەکان بۆ خانمێک گونجاو نەبن و بۆ خانمێکی دیکە زۆر باش بن.

یەکێک لە رێگە باوەکانی رێگریکردن لە دووگیانی، رێگەی سروشتییە. دوو هاوبەشەکە بەگوێرەی سووڕی مانگانەی خانمەکە، هەڵسەنگاندنێک بۆ ئەو کاتەی مانگەکە دەکەن کە خانمەکە کەمترین ئەگەری دووگیانبوونی هەیە و لەو کاتەدا سێکسدەکەن؛ کە سێکسیشیان کرد، لە کاتی ئاوهاتنەوە ناهڵێن تۆواوی پیاوەکە بچێتە ناو زێی خانمەکەوە. ئەم رێگەیە، ئەگەر بە سەرکەوتوویی بگیرێتەبەر، ئەگەری دووگیانبوون بە رێژەی %96 کەمدەکاتەوە؛ بەڵام زۆرجار لەوانەیە دوو هاوبەشەکە نەتوانن بەتەواوی هەنگاوەکان وەکو خۆی جێبەجێبکەن، بەمەش ئەگەری دووگیانبوون زۆردەبێت.

بەگوێرەی گوتەکانی د. چاوان شێخ حسێن "ئەو خانمانەی سووڕی مانگانەیان ناڕێکە، بە هیچ جۆرێک نابێت پشت بە رێگەی سروشتی ببەستن، چونکە لە ئەو خانمانەدا بەئاسانی نازانرێت کەی منداڵدانی خانمەکە بە پیتە و کەیش ئەگەری خستنەوەی منداڵ کەمە"

یەکێکی دیکە لە رێگەکانی رێگریکردن لە دووگیانی، بەکارهێنانی لەولەبی مسە کە دەخرێتە ناو منداڵدانی خانمەکەوە. پزیشکە پسپۆڕەکە باسی لەوە کرد ئەو خانمانەی لە کاتی کەوتنەسەرخوێندا خوێن زۆر دادەنێن "نابێت لەولەبی مس بەکاربهێنن، چونکە وادەکات خوێن و ئازاری سووڕی مانگانە زیاترببن و بەتەواوی خانمەکە نارەحەت بکات"

لەلایەکی دیکەوە، سەبارەت بە بەکارهێنانی حەبەکانی رێگریکردن لە دووگیانی، د. چاوان شێخ حسێن ئاماژەی بەوەدا "ئەو خانمانەی تەمەنیان لە سەرووی 35 ساڵییەوەیە یان بەرزەفشاری خوێن و چەورییان هەیە، یانیش جگەرە و نێرگەلە دەکێشن، نابێت حەبی رێگریکردن لە دووگیانی بەکاربهێنن؛ چونکە ماکی ئەو حەبانە لە کاتی لەسەر ئەو خانمانە زیاتر دەردەکەوێت و لەوانەیە زیانیان پێبگەیەنێت"

گرنگە هاوبەشەکان ئەوە بزانن رێگەکانی رێگریکردن لە دووگیانی سەرەڕای ئەوە بەگشتی رێگەی سەلامەتن، بەڵام جگە لە کۆندۆم، هیچیان رێگری لە گواستنەوەی نەخۆشییە بە سێکس گوازراوەکان ناکەن. ئەو کەسانەی دڵنیانین لەوەی هاوبەشەکانیان نەخۆشییەکی بە سێکس-گوازراوەیان هەیە یان نا، گرنگە سەرەتا پشکنینی پێویست بکەن و دڵنیاببنەوە.