23 سەربازی سوپای هیندستان بێسەروشوێن بوون

بارانی بەخوڕ لافاوی لە گەڕەکێکی هندستان درووستکردووە
بارانی بەخوڕ لافاوی لە گەڕەکێکی هندستان درووستکردووە

سوپای هیندستان رایگەیاند، 23 سەربازی وڵاتەکەی لەدوای دروستبوونی زریانێکی بەهێز و لەناکاو لە باکووری رۆژهەڵاتی ویلایەتی سیکیم دیارنەماوون.
ئەمڕۆ چوارشەممە (4ی تشرینی یەکەمی 2023) سوپای هیندستان لە رێگەی راگەیەندراوێکەوە ئاماژەی بەوەدا، لەدوای ئەوەی بارانی بەخووڕ لەناوچەکانی نزیک لە رووباری تیەستا دروستبووە، 23 سەربازیان بێسەروشوێنن و هەواڵی نقومبوونی ژمارەیەک ئۆتۆمبێلیشیان لەو ناوچانە پێگەیشتووە.
سوپای هیندستان ئاشکرایکرد، ئێستا ئۆپراسیۆنی گەڕان بەدوای ئەو کەسانەی بێسەروشێنبوون، دەستیپێکردووە، ئەمە جگە لەوەی ئاستی ئاوی بەنداوی چونگزانگ کە دەکەوێتە هەمان ناوچە، نزیکەی پێنج مەتر لە ئاستی ئاسایی خۆی بەرزتربووەتەوە.
بەگوێرەی ئاماری دەزگاکانی کەشوهەوا لە هیندستان، وەرزی بارانی بەخووڕ لەمانگەکانی حوزەیران بۆ کۆتایی ئەیلوول دەستپێدەکات و مانگی تشرینی یەکەم کۆتایی پێدێت، بەڵام باران و لافاوی ئەمجارەی هیندستان لەسەرەتای ئەم مانگەوە ئەو ناوچانەی گرتەوە.