نوێنەری مامۆستایانی گرێبەست لە بەردەڕەش دەستگیرکرا
پاش بانگەواز بۆ خۆپیشاندان لە هەولێر و دهۆک، نوێنەرى گشتیى مامۆستایانى گرێبەست، کە لە بەردەڕەش دادەنیشێت، دەستگیرکرا.
عەلی رەئوف، نوێنەری گشتیی مامۆستایانی گرێبەست پێش ئەوەى دەستگیربکرێت، لە پەیامێکى ڤیدیۆیدا، کە لە ئەژماری خۆى لە تۆڕى کۆمەڵایەتيى فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، بانگەوازێکى ئاڕاستەى مامۆستایان و مووچەخۆرانى دهۆک و هەولێر کردووە، کە ئەمڕۆ لە بەردەم پەروەردەى گشتیى لە دهۆک و ئەنجوومەنى وەزیران لە هەولێر خۆپیشاندان بکەن و تێیدا داواى مافەکان خۆیان دەکەن.
کارزان فیزیک، یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی گرێبەست بە کەناڵ8ـى راگەیاند، "درەنگانێکى شەوى رابردوو عەلی رەئوف لە شارۆچکەى بەردەڕەشى سنوورى پارێزگاى دهۆک لەلایەن هێزێکى بەناو ئەمنى نەناسراوەوە دەستگیرکراوە و تاوەکو ئێستا چارەنووسى نادیارە".
گوتیشى، "دەستگیرکردنەکەى بۆ رێگری بووە لەو خۆپیشاندانەى، کە بڕیار بوو ئەمڕۆ لەو دوو شوێنە، بۆ پشتیوانيى مامۆستایان و فەرمانبەرانى مانگرتووى سلێمانى و داواکردنى مووچەى مانگەکانى 7 و 8ـى ساڵى رابردووى سەردەمى وانەبێژییان بکرێت".
کارزان فیزیک، دەسەڵاتى ناوچەکەى بەوە تۆمەتبار کرد کە "دەیەوێت دەنگى ناڕەزایەتى لە سنوورى پارێزگاکانى هەولێر و دهۆک کپبکات و نەهێڵێت دەنگى ئازاد لە سنوورەکە هەبێت و داواى مافەکانیان بکەن".
هاوکات، سەرچاوەیەک لە پۆلیسى بەردەڕەش دەستگیرکردنى عەلى رەئوفى پشتڕاشتکردەوە و بە کەناڵ8ى گوت، "دەستگیرکردنەکە لەلایەن هێزەکانى ئێمەوە نەبووە و هیچ پەیوەندییەکمان بە دەستگیرکردنەکەیەوە نییە".
شەش رۆژە مانگرتنى ژمارەیەک مامۆستا و فەرمانبەر لە سلێمانى دژى دواکەوتنى مووچەکانیان بەردەوامە، بەشێک لە چین و توێژە جیاوازەکانى لە ناوچەکانى دیکەوە پیشتوانییان بۆ مانگرتنەکەیان راگەیاندووە.
02/02/2025