ئەو کەسانەی کارەبایان بۆ دەکرێت دەکەونە سەر شەقام؟
چارەسەرکردن بە تەزووی کارەبا، یاخود چارەسەرکردن بە دروستکردنی گەشکەی دەستکرد لەڕێی تەزووی کارەباوە یەکێکە لە چارەسەرە کۆنەکان لە زانستیی پزیشکیی دەروونیدا. دەبیستین لە کۆمەڵگەی خۆماندا دەڵێن، "فڵان کەس دۆخی زۆر خراپ بوو، فەقیرە کارەباشیان بۆ کردووە." یاخود دەگوترێت، "هەر کەسێک چارەسەری بە تەزووی کارەبا بۆ بکرێت دەکەوێتە سەر شەقام."
ئەم چارەسەرە بریتییە لە ئەنجامدانی گۆڕانکاری لە پێکهاتە کیمیاییەکانی مێشکی کەسێکدا، لەڕێی گواستنەوەی تەزوویەکی کارەباوە، ئەمەش چارەسەرێکی پزیشکییە و ئامێرەکە بە شێوازێکی تایبەت دروستدەکرێت، واتا ئەو کارەبایە نییە کە خەڵکی مامەڵەیان لەگەڵیدا هەیە یان لە ماڵەکاندا هەیە. لەڕێی دەسکێکی تایبەتەوە، گەیەنەرەکە دەدرێت لە بەشی تەنیشتی ناوچەوانی کەسەکە، هەندێجار لە هەردوولای ناوچەوانی، هەندێجاریش تەنیا لە یەک لای.
چارەسەرەکە ئەوەندە ترسناک نییە وەکو باسدەکرێت، ناوبانگە خراپەکەی لە کوردستان بۆ ئەو کاتە دەگەڕێتەوە کە پێشتر بە بێ بەنجکردن کەسەکە چارەسەرەکەی وەردەگرت، ئەمەش دوو گرفتی گەورەی هەبوو. یەکەم، نەخۆشەکە تەواوی پرۆسەی چارەسەرییەکەی بیردەما، کە ئەمە خۆی لە خۆیدا زەبرە. دووەم، چونکە ئازاری زۆر بوو، نەخۆشەکان لە کاتی چارەسەرەکەدا دەجوڵان و خۆیان نەدەگرت، ئەمەش مەترسی شکاوی و دەرچوونی زیاددەکرد.
چارەسەرکردن بە تەزووی کارەبا لە ئێستادا پرۆسەیەکی وردی پزیشکییە و لەژێر چاودێریی پزیشکی بێهۆشکاریدا دەکرێت، واتا کەسەکە بەنج وەردەگرێت، لە کاتی چارەسەرەکەدا ئاگای لە خۆی نییە. بەڵگە زانستییەکانیش سەلماندوویانە کە سوودەکانی ئەم چارەسەرە لە زیانەکانی زۆر زیاترن. نە دوای چارەسەر چارەخواز دەکەوێتە سەر شەقام، نە شکاوی روودەدات، نە رێژەی مردن تێیدا بەرزە و نە بەو جۆرەش ترسناکە کە باسدەکرێت.
چارەسەرەکە بە چارەسەرێکی گونجاو دادەنرێت، بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی کاردانەوەیان بۆ دەرمان نییە. ئەویش لەم حاڵەتانەدا:
- خەمۆکیی توند
- خەمۆکییەک کە کاردانەوەی نییە بۆ دەرمان
- کەتەتۆنیا
- سکیزۆفرینیا
- دووجەمسەری
03/02/2025