مەرجە هەر کەسێک شێرپەنجەی هەبێت توشی گرفتی دەروونی ببێت؟
ئەمڕۆ چواری شوبات، رۆژی جیهانیی شێرپەنجەیە، کە یەکێکە لەو نەخۆشییانەی هەر لەگەڵ ناوهێنانیدا ترس و دڵەڕاوکێ لە دڵی نەخۆشەکە و کەسوکارەکەشیدا دروستدەکات. شێرپەنجە نەخۆشییەکە کە مەترسیی لەسەر ژیانی کەسانی توشبوو دروستدەکات و ئەمەش کاریگەریی دەروونی زۆری دەبێت، بەڵام مەرج نییە هەموو ئەو کەسانەی توشی شێرپەنجە دەبن، توشی گرفتێکی دەروونیش ببن.
دڵەڕاوکێی بەردەوام سەبارەت بە چارەسەر، بەردەستبوونی چارەسەر، ئەگەری چاکبوونەوە و ئەگەری سەرهەڵدانەوەی پاش چاکبوونەوە هۆکارن بۆ دروستبوونی گوشاری دەروونی. گۆڕانکارییە جەستەییەکانیش دەبنە هۆی ماندووبوون و نەمانی وزە و ئەمانەش پێکەوە هەندێجار دەبنە هۆی خەمۆکی.
- ئەو گوشارە دەروونییەی بە هۆکاری نەخۆشیی شێرپەنجە و لێکەوتەکانی دروستدەبێت دەکرێت بیێتە هۆی چەند پەشێوییەکی دەروونی و گرنگە چارەخواز لە کاتی ناسینەوەی نیشانەکاندا، پسپۆڕی دەروونی ببینێت، چونکە چارەسەری پەشێوییە دەروونییەکە کاریگەریی لەسەر نەخۆشییەکەش دەبێت. دیارترین پەشێوییە دەروونییەکانیش کە بەهۆی شێرپەنجەوە روودەدەن ئەمانەن:
- دڵەڕاوکێ: دەستنیشانکردنی شێرپەنجە لە هەر کەسێکدا، نادڵنیایی سەبارەت بە داهاتووی کەسەکە دروستدەکات و ئەمەش دەبێتە هۆی دڵەڕاوکێ. چارەخواز رەنگە بیر لە دەرەنجامی چارەسەرەکەی و ئەگەری دووبارە سەرهەڵدانەوە لە داهاتوودا بکاتەوە، هاوکات بیر لە سەرجەم ئەو کاریگەرییانەش بکاتەوە کە لەسەر کەسە نزیکەکانی جێدەمێنێت.
- خەمۆکی: هەستی خەمباری، بێهیوایی و دروستبوونی دۆخێک کە کەسەکە هەست بە بێدەسەڵاتی خۆی دەکات هۆکارن بۆ توشبوون بە خەمۆکی. خەمۆکی دەکرێت بەهۆی لێکەوتە جەستەییە و دەروونییەکانی نەخۆشییەکەوە دەربکەوێت، وەرگرتنی چارەسەری کیمیاییش رەنگە ببێتە هۆی دەرکەوتنی نیشانەکانی خەمۆکی.
- خودبینی و رێکبینی جەستە: گۆڕانکارییە جەستەییەکانی وەکو هەوڵوەرینی قژ، لەدەستدانی کێش و برینەکانی نەشتەرگەری کاریگەریی لەسەر خودبینی و رێکبینی جەستەی کەسەکە هەیە و رەنگە کەسەکە بە شێوازێکی جیاواز خۆی ببینێت.
- دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی: ئەو کەسانەی توشی شێرپەنجە دەبن زۆرجار خۆیان لە چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان دووردەخەنەوە، یاخود جەستەیان یارمەتییان نادات ئەو چالاکییانە بکەن کە ئارەزووی دەکەن.
گرنگە سەرجەم ئەو کەسانەی خۆیان یان کەسێکی نزیکیان توشی شێرپەنجە دەبێت، بزانن کە شێرپەنجە واتای مردن نییە، بەڵکو نەخۆشییەکە کە دەکرێت چارەسەر بکرێت و بە گرتنەبەری رێوشوێنی پزیشکیی ورد، ئەگەری سەرهەڵدانەوەشی کەمبکرێتەوە. هاوکات، بەڵگە زانستییەکان سەلماندوویانە کە چارەسەرکردنی پەشێوییە دەروونییەکانیش تەمەنی نەخۆشانی شێرپەنجە درێژدەکاتەوە، چونکە ئەو کەسانەی پەشێوییە دەروونییان هەیە، پابەندییان بە چارەسەرەکانی شێرپەنجەشەوە کەمتردەبێتەوە.
04/02/2025