ئەو نەخۆشییە دەگمەنەی کەسی زیندوو باوەڕی وایە کە مردووە
لە زانستی پزیشکیی دەروونیدا، وەهم بە هەر جۆرە باوەڕ یان بیرکردنەوەیەک دەگوترێت کە کەسەکە بە جێگیری وەک راستی دەیبینێت و تۆ هەر چەند بەڵگەی پێویستی بخەیتە بەردەست و پێچەوانەکەی بسەلمێنیت، ئەو باوەڕ ناکات و وەهمەکەی وەک راستی دەبینێت. جۆرەکانی وەهمیش زۆرن و بە چەندین فۆرم و ناوەڕۆکی جیاواز روودەدەن، یەکێک لە جۆرە دەگمەنەکانی، کۆنیشانەی کۆتاردە، کە بەو وەهمە دەگوترێت کە کەسەکە پێیوایە مردووە، بوونیان نەماوە یاخود ئەندامێکی جەستەیان لەدەستداوە و دیارنەماوە.
ژمارەی ئەو کەسانەی توشی ئەم پەشێوییە دەبن ئێجگار کەمن، زۆرینەی ئەو بەڵگە زانستییانەش کە لەسەر ئەم بابەتە هەن، لە توێژینەوەی راپۆرتی کەیسەوە هاتوون نەک توێژینەوەی گەورە کە چەند هەزار کەسێک بەشدارییان تێداکردووە. هەرچەندە حاڵەتەکە دەگمەنە، بەڵام حاڵەتێکی توندە و کاریگەریی گەورەی لەسەر ژیانی کەسەکە دەبێت، زۆرجاریش ئەم وەهمە وەکو بەشێک لە پەشێوەییەکی دەروونیی دیکە روودەدات، وەک سکیزۆفرینیا و خەمۆکی.
هەرچەندە لە رابردوودا وا بیردەکرایەوە کە ئەم پەشێوییە تەنیا پەشێوییەکی دەروونییە، بەڵام ئێستا زاناکان دەڵێن کە پەشێوییە دەروونیی دەمارییە و پەیوەندی بە کۆئەندامی مێشک و دەماریشەوە هەیە. چونکە هەندێک لەو کەسانەی کۆنیشانەی کۆتاردیان هەیە، توشی گەشکە دەبن و هەندێکیشیان دەکرێت لە نیوەبەشی ناسەرەکیی مێشکیاندا گرفتێکیان هەبێت، بۆ نموونە هەبوونی تەنێکی شێرپەنجەیی یان ناشێرپەنجەیی.
لەم پەشێوییە دەگمەنەدا، کەسەکە تێڕوانینی بۆ جەستە و بوونی خۆی دەگۆڕێت. بە کورتی وەهمەیەکی هەڵەی کەسەکەی دەربارەی ژیان و بوونی خۆی. ئەمەش رەنگە کاریگەریی گەورەی لەسەر ژیان و تەندروستیی کەسەکە هەبێت، بۆ نموونە کەسێک کە باوەڕی وایە مردووە، رەنگە خواردن نەخوات چونکە وادەزانێت مردووە، یان خۆی نەشوات، یاخود سەردانی هیچ کەسێک نەکات، چونکە ئەو مردووە.
نیشانە سەرەکییەکانی ئەم پەشێوییە ئەمانەن:
- کەسەکە باوەڕی وایە بوونی نییە
- کەسەکە باوەڕی وایە مردووە
- کەسەکە باوەڕی وایە چەند ئەندامێکی جەستەی نەماون
- هەندێجار، دەکرێت باوەڕیان وابێت کە نەمرن، یاخود مردوون و ژیانێکی نوێیان دەستپێکردووەتەوە.
05/02/2025