چارلز دیکنز... نووسەری ڕۆمانە کلاسیکەکان

حەسەن فەلاح 4 کاتژمێر پێش ئێستا

چارلز دیکنز، یەکێکە لە دیارترین نووسەر، ڕۆماننووس، ڕۆژنامەوان و نووسەری کورتەچیرۆکە ئینگلیزییەکان، لە ئاستی مێژووی ئەدەبی جیهانییدا، ناوبانگێکی زۆری هەیە و تاوەکو ئێستا بەرهەمەکانی کاریگەرییان لەسەر ئەدەب و هونەر بەردەوامە.

لە باشترین نووسەرانی بەریتانیایە

چارلز جۆن هۆفمان دیکنز، ڕێکەوتی حەوتی شوباتی 1812، لە بەریتانیا لەدایکبووە، لەگەڵ بەرەوپێشچوونی کات و پەروەردەبوونیدا، خولیایەکی زۆری بۆ نووسین دروستبووە و لە دەرئەنجامدا بووە بە یەکێک لە باشترین نووسەرە کلاسیکەکانی شانشینی یەکگرتوو و جیهان.

ویستویەتی ببێت بە ئەکتەر

هەر لە منداڵییەوە دیکنز خەونی ئەوە بووە ببێت بە ئەکتەری شانۆ، بەڵام بەهۆی چەند گرفتێکی جیاواز، لەبری بوون بە ئەکتەر، ڕێچکەی نووسین و ڕۆژنامەوانی و پەرلەمانی گرتە بەر و لە دەرئەنجامدا وەکو نووسەرێکی دیار و ناسراو ناوبانگی پەیداکرد.

بە مەزنترین ڕۆماننووسی سەردەمی ڤیکتۆریایی ناوبانگی هەیە

دیکنز لە ئاستی نووسینی ڕۆمان، کورتەچیرۆک، ڕۆژنامەوانی و ڕەخنەی کۆمەڵایەتیدا ناوبانگێکی زۆری هەبووە، هاوکات، داهێنەری ژمارەیەک لە دیارترین کارەکتەرە خەیاڵییە ئەدەبییەکانە و لەلای زۆرینە بە مەزنترین ڕۆماننووسی سەردەمی ڤیکتۆریایی بەریتانیا هەژماردەکرێت.

دیکنز لە تەمەنی 24 ساڵیدا یەکەم ڕۆمانی خۆی بڵاوکردووەتەوە، هەر لە سەرەتاوە، پاڵپشتییەکی گەورەی لە نووسەرانی دیکە کردووە و پاڵنەر بووە بۆ دەرخستنی توانای ئەدەبی خانمە نووسەرەکان.

دیکنز خاوەنی چەندین رۆمان و چیرۆکی بەناوبانگی جیهانییە، لەوانە:

A Christmas Carol 1843

Oliver Twist 1838

Great Expectations 1861

David Copperfield 1850

پاش نووسینی 15 ڕۆمان، پێنج نۆڤلێت و سەدان کورتەچیرۆک و وتار، چارلز دیکنز، ڕێکەوتی نۆی حوزەیرانی 1870، لە تەمەنی 58 ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە.

حەسەن فەلاح

4 کاتژمێر پێش ئێستا