راگەیەندراوێک لە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لەبارەی مووچە
مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سوپاسی مووچەخۆران دەكات بۆ پشوودرێژییان و گوتی "حکومەت درێخی ناکات لە کارکردن بۆ زامنکردنی شایستەی دارایی مووچەخۆران و بەردەوامبوونی رێكکەوتنی ئەم دواییە لەمبارەیەوە".
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی ئەنجوومەنی وەزیران، ئەنجوومەنەكە بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیران كۆبووەتەوە و تێیدا سەرۆكوەزیران لەبارەی مووچەوە رایگەیاندووە، سوپاسی شاندی دانوستانکار دەكات بۆ هەوڵ و کۆشش و ماندووبوونیان بۆ گەیشتن بە رێكکەوتنێکی گشتگیری هاوسەنگ لەبارەی مووچە و شایستە داراییەکانی مووچەخۆران بۆ تەواوی ساڵی 2025.
گوتووشیەتی، مووچەخۆران بەهۆی دواکەوتنی مووچەکانیان لە ماوەی رابردوودا، زەحمەتی زۆریان بینی و سوپاسی پشوودرێژیی مووچەخۆرانیش دەكات، دڵنیاییش دەدات کە حکومەت درێخی ناکات لە کارکردن بۆ زامنکردنی شایستەی دارایی مووچەخۆران و بەردەوامبوونی رێكکەوتنی ئەم دواییە لەمبارەیەوە.
روونیشكراوەتەوە، "لە كۆبوونەوەكەدا وەزیری دارایی و ئەندامانی دیکەی شاندی دانوستانکار، راپۆرتێکیان لەبارەی چوارچێوەی رێککەوتنی هەردوو وەزارەتی دارایی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان خستەڕوو، لە پێناو زامنکردنی بەردەوامبوونی ئەم رێککەوتنە چەند پێشنیازێک خرانەڕوو بۆ رێکخستنەوەی باری دارایی و داهات و خەرجییەکان و میلاک و بواری وەزیفی گشتی بۆ ساڵی 2025".
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری پەسەندکردنی سەرجەم ئەو پێشنیازانەی دا کە لە کۆبوونەوەکە خرانەڕوو، لە پێناو زامنکردنی مووچەی هەر دوانزدە مانگی ساڵی 2025 و نەهێشتنەوەی هیچ پاساو و بیانوویەکی تەکنیکی بۆ رێگری لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە.
ئەوەش هاتووە، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری پەسەندکردن و پابەندبوونی بە میلاکی سەرجەم مووچەخۆرانی حکومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2025 دا بەگوێرەی ئەو ژمارە و خەرجییانەی لە کۆبوونەوەکە خرانەڕوو، هەروەها بڕیاردرا بە پەسەندکردنی رێکاری گواستنەوەی خانەنشینانی پێشمەرگە، سەربازی، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و شایستەکانی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان بۆ سەر بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی لە وەزارەتی دارایی و ئابووری.
لە راگەیەندراوەكەدا ئەوەش هاتووە، سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری، راپۆرتێکی لەبارەی پرۆژەی بەئەلیکترۆنیکردنی لیستی پێدانی مووچەی سەرجەم مووچەخۆران خستەڕوو، کە بۆ یەکەمجار لە مانگی یەکی ئەمساڵەوە کەوتووەتە بواری جێبەجێکردن و ئاسانکاریی باشی کردووە و کاریگەریی بەرچاوی هەبووە.
05/02/2025