چۆن شەرمنی و دڵەڕاوکێ جیادەکرێنەوە؟
دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی بە گوێرەی رێنامەی دەستنیشانکردنی پەشێوییە دەروونییەکان، یەکێکە لە جۆرە باوەکانی دڵەڕاوکێ. نیشانەکانی لە کاتی بەرکەوتنی کەسانی دیکە و بۆنە کۆمەڵایەتیەکاندا دەردەکەون. ئەو کەسانەش کە شەرمنن، هەندێجار دەکرێت لە بۆنە کۆمەڵایەتییەکاندا هەستەکان و بیرکردنەوەکانیان بە جۆرێک بن کە جیانەکرێنەکرێنەوە لەو کەسانەی دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتییان هەیە.
لە زانستی پزیشکیدا، کاتێک نیشانەکانی نەخۆشییەک لە کەسێکدا دەردەکەون، پزیشکان بەر لەوەی بگەنە دەستنیشانکردنی کۆتایی، کۆمەڵێک ئەگەر دادەنێن کە دەکرێت نەخۆشەکە یەکێک لەو حاڵەتانەی هەبێت، سەبارەت بەو کەسانەش کە گرفتیان لە بەرکەوتنە کۆمەڵایەتییەکاندا بۆ دروستدەبێت، شەرمنی یەکێکە لە ئەگەرەکان و دەکرێت کەسەکە هیچ گرفتێکی پزیشکی نەبێت.
ئاساییە مرۆڤ لە هەندێک دۆخدا هەست بە دڵەڕاوکێ بکات، بۆ نموونە کاتێک بۆ یەکەمجار لەگەڵ کەسێکدا دەچیتە ژوان، یان بۆ یەکەمجار لەبەرچاوی چەند کەسێکدا بابەتێک پێشکەشدەکات، بەڵام لە دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتیدا، کە پێشیدەگوترێت فۆبیای کۆمەڵایەتی، دڵەڕاوکێکە بە رادەیەکە کە کاریگەریی لەسەر چالاکییەکانی ژیانی رۆژانەی کەسەکە دروستدەکات و کەسەکە جیا لە دڵەڕاوکێکەی، هەست بە شەرمێکی زۆر دەکات و دەترسێت ئەوانی دیکە بە شێوەیەکی نەرێنی لێیبڕوانن.
یەکێکی دیکە لە خاڵە جیاکەرەوەکان ئەوەیە کە شەرمنی بەشێکە لە کەسایەتیی مرۆڤ، لە هەندێک کولتووریشدا وەکو شتێکی ئەرێنی تەماشادەکرێت، بەڵام دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی بە جۆرێکە، کە ترس و دڵەڕاوکێکە وا لە کەسەکە دەکات خۆی لە هەندێک بەرکەوتن و بارودۆخ دووربخاتەوە و لە دەرەنجامی ئەمەشدا، ژیانی رۆژانەی هەر لە پەیوەندییەکانی، رۆتینی رۆژانە، کار و ئەرکەکانی قوتابخانەی گرفتیان بۆ دروستدەبێت.
سەبارەت بە چارەسەریش، شەرمنی وەکو دۆخێکی ئاسایی تەماشادەکرێت و پێویستی بە چارەسەر نییە، بەڵام دڵەڕاوکێی کۆمەڵایەتی دەکرێت ببێتە پەشێوییەکی دەروونی درێژخایەن بۆیە پێویستی بە وەرگرتنی چارەسەرە. چارەسەرەکەش دەکرێت چارەسەری دەروونی بێت یاخود چارەسەر بە دەرمان.
06/02/2025