دانەغاز: بەرهەمهێنانى گاز لە کێڵگەى کۆرمۆر زیاد دەکەین
کۆمپانیاى دانەغازى ئیماراتى رایگەیاند، دەیانەوێت لە چارەکى دووەمى ساڵى 2026دا زیادەى بەرهەمهێنانى گاز لە کێڵگەى کۆرمۆر بگەیەننە 250 ملیۆن پێ سێجا.
بەگوێرەى راگەیەندراوێکى کۆمپانیاکە، کە وەبەرهێنان لە کێڵگەى کۆرمۆرى سنوورى چەمچەماڵ دەکات، لە مانگى کانوونى یەکەمى ساڵى 2024 کۆمپانیاى پیرل پترۆلیۆم، بەرپرسیاریەتیى فراوانکردنى تواناى وەبەرهێنانى گازى لە کێڵگەى کۆرمۆر لە ئەستۆ گرت، لەوکاتەوە هەوڵەکان بۆ فراوانکردنى تواناى وەبەرهێنان دەستیپێکردووە، بەئامانجى بەرهەمهێنانى 250 ملیۆن پێ سێجا گازى زیادە، جیاواز لەوەى ئێستا بەرهەمدەهێنرێت.
ئەوەشخراوەتەڕوو، لە کێڵگەکە رۆژانە 500 ملیۆن پێ سێجا گاز بەرهەمدەهێنرێت و بەکاردێت بۆ بەرهەمهێنانى 2800 مێگاوات کارەبا کە دەکاتە 75%ـى کۆى کارەباى بەرهەمهێنراوى هەرێمى کوردستان.
هەر لە راگەیەندراوەکەدا دانەغاز دەڵێت، زیادکردنى تواناى بەرهەمهێنانى گاز لە کێڵگەکە دەبێتە هۆى بەگەڕخستنى یەکەى زیاترى بەرهەمهێنانى کارەبا و سوودى بۆ عێراق و هەرێمى کوردستان دەبێت.
07/02/2025