ئەمریکا و ژاپۆن رووبەڕووی "هەڕەشە ئابووری و سەربازییەکانی" چین دەبنەوە
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا، لەگەڵ شیگێرو ئیشیبا، سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن لە واشنتن رایگەیاند، ئەمریکا و ژاپۆن پێکەوە رووبەڕووی "هەڕەشە ئابوورییە دوژمنکارەکان"ـی چین دەبنەوە.
ترەمپ راشیگەیاند، ژاپۆن بڕێکی پێوانەیی گازی سروشتیی شل لە ئەمریکا دەکڕێت و لەسەر هەماهەنگیی زیاتر لە بواری ئابووریشدا رێککەوتوون.
هەردوولاش سەرکۆنەی چینیان کرد و بە ئەنجامدانی "چالاکیی تێکدەرانە" لە دەریای باشووری چین تۆمەتباریان کرد، کە خاڵی ناکۆکیی نێوان پەکین و تۆکیۆیە و چین خۆی بە خاوەنی دەزانێت.
لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا، پاش کۆبوونەوەکەیان لە واشنتن، ترەمپ و ئیشیبا دژایەتیی توندیان بەرامبەر بە داواکاریی چین پیشاندا، بۆ هەبوونی دەسەڵاتی رەهای لە دەریاکەدا و ئەو داواکارییەیان بە نایاسایی ناوبرد و گوتیان، ئەوە بە سەربازیکردنی ناوچەکەیە و چالاکییەکانی چینیان لە دەریای باشوور بە "هەڕەشەئامێز" ناوبرد.
08/02/2025