چۆن دەتوانیت لە حەبی ڤیتامین دییەکەت زۆرترین سوود وەربگریت؟
ڤیتامین دی یەکێکە لە گرنگترین ڤیتامینەکان، بەڵام تەنیا چەند خۆراکێکی کەم هەن بەم ڤیتامینە دەوڵەمەندبن، هەربۆیە زۆرجار پێویستە لەگەڵ خۆراکدا تەواوکەری خۆراکیی ڤیتامین دیش وەربگیرێت.
بەشێکی زۆری دانیشتووانی جیهان مەترسیی کەمیی ئەم بەها خۆراکییەیان هەیە، هەربۆیە ڤیتامین دی یەکێکە لەو تەواوکەرە خۆراکییانەی زۆر بەکاردەهێنرێت. لەگەڵ ئەوەشدا ئەو هۆکارانەی کاریگەرییەکانی ئەم تەواوکەرە خۆراکییە دەگۆڕن زۆرن، وەکو کاتی خواردنی و چۆنێتی خواردنیشی.
بۆچی وەرگرتنی ڤیتامین دی گرنگە؟
یەکێک لەو تایبەتمەندییانەی ڤیتامین دی لە ڤیتامینەکانی دیکە جیادەکاتەوە، ئەوەیە کە ڤیتامین دی بە هۆرمۆن هەژماردەکرێت و کاتێک تیشکی هەتاو بەر پێست دەکەوێت، دروستدەبێت.
بە گوێرەی چەند توێژینەوەیەک، وەرگرتنی بڕی پێویست لەم ڤیتامینە بۆ هەریەکێک لە تەندروستیی ئێسک، سیستمی بەرگری و دەروون گرنگە.
چۆن بخورێت کاریگەرترە؟
ڤیتامین دی یەکێکە لەو ڤیتامینانەی لە چەوریدا دەتوێتەوە، هەربۆیە لە ئاودا ناتوێتەوە و باشترە لەگەڵ خواردنێک بخورێت کە دەوڵەمەندە بە چەوری، هەر لەبەر ئەمەشە پێشنیازدەکرێت ئەم ڤیتامینە لەگەڵ ژەمە خۆراکییەکاندا بخورێت.
بە گوێرەی توێژینەوەیەکی بچوک کە لەسەر 17 کەس کرابوو، بۆماوەی دوو سێ مانگ، خواردنی حەبی ڤیتامین دی لەگەڵ گەورەترین ژەمە خۆراکیی رۆژدا، رێژەی ڤیتامینەکەی لە خوێندا %50 زیادکرد.
بە گوێرەی توێژینەوەیەکی دیکە کە لەسەر کەسانی 50 ساڵ کرا، خواردنی حەبی ڤیتامین دی لەگەڵ ژەمێکی چەوردا، لە پاش 12 کاتژمێر رێژەی ڤیتامین دیی لە خوێندا بەڕێژەی %32 زیاترکردووە بەراورد بەو کەسانەی کە ڤیتامینەکەیان لەگەڵ ئەو خۆراکانەدا خواردووە کە چەور نەبوون.
هەریەکێک لە ئەڤۆکادۆ، گوێز، گوڵەبەڕۆژە، بەرهەمە شیرەمەنییەکان و هێلکە، بژاردەی باش و پڕ چەوریین بۆئەوەی لەگەڵ ڤیتامین دیدا بخورێن.
09/02/2025