بۆچی مرۆڤ ناتوانێت وەکو ئاژەڵان بەرگەی زەبری دەروونی بگرێت؟
شێوازی کارکردنی جەستەی مرۆڤ و ئاژەڵان لە زۆر رووەوە لە یەک دەچن. سیستم و کۆئەندامە جیاوازەکانی جەستەی مرۆڤ هاوشێوەی جەستەی ئاژەڵان کاردانەوەی بۆ تینوێتی، برسێتی، ترس و نادڵنیایی هەیە، بەڵام ئاژەڵان، بەتایبەت ئاژەڵە کێوییەکان زووتر لەژێر کاریگەرییەکانی زەبری دەروونی دێنە دەرەوە، بەڵام مرۆڤ دەکرێت بۆ چەندین ساڵ لە ژێر کاریگەرییەکانی زەبری دەروونیدا بمێنێتەوە.
لە حەفتاکانی سەدەی رابردوودا، د. پیتەر لێڤین، دەروونناس و پسپۆڕی کاریگەرییە دەروونییەکانی زەبری دەروونی دۆزینەوەیەکی گرنگی هەبوو سەبارەت بە جیاوازیی کاردانەوەی مرۆڤ و ئاژەڵان بۆ زەبری دەروونی کاتێک توشی رووداوێکی لەناکاو دەبن. ئەو پرسیارەی دەروونناسەکە بە دوای وەڵامەکەیدا دەگەڕا ئەوە بوو کە بۆچی ئەو ئاژەڵانەی لە دارستانەکاندا دەژین و هەموو رۆژێک مەترسی لەسەر ژیانیان دروستدەبێت و لە مردن نزیکدەبنەوە، ئاسانتر کاریگەرییەکانی زەبری دەروونی تێدەپەڕێنن، بەڵام ئەگەر مرۆڤ تەنیا یەکجار توشی حاڵەتێکی لەو جۆرە ببێت و مەترسی لەسەر ژیانی دروستببێت، رەنگە بۆ چەندین ساڵ نیشانەکانی بمێنێتەوە و توشی پەشێوییە دەروونییەکانی تایبەت بە زەبری دەروونی ببێت.
زۆر کەس پێیانوایە کە ترۆما (زەبری دەروونی) تەنیا بابەتێکی دەروونییە، بەڵام ئەمە لە رووی زانستییەوە راست نییە. زەبری دەروونی لە کۆئەندامی دەماردا دەمێنێتەوە. واتا زەبری دەروونی تەنیا رووداوەکە نییە کە روودەدات، بەڵکو کاردانەوەکانی کۆئەندامی دەماری کەسەکەیە بۆ رووداوەکە. جەستەی مرۆڤ پاش زەبری دەروونی لە دۆخی مانەوەدا دەمێنێتەوە، دەکەوێتە دۆخی شەر یان هەڵاتن یان بەستنەوە. نیشانەکانی ئەمەش بریتینلە شەکەتی، سڕبوونی سۆزداری، دڵەڕاوکێ و خەمۆکی، ئازاری جەستەیی درێژخایەن، هەریەک لەم نیشانانەش دەکرێت بۆ چەندین ساڵ لە کەسەکەدا بمێننەوە.
کاتێک کەسێک بە زەبرێکی دەروونیدا تێدەپەڕێت، کۆئەندامی مێشک و دەماری کاردانەوەیەک چالاک دەکات تاوەکو کەسەکە توانای مانەوەی زیاترببێت. مانەوەی جەستەش لەو دۆخەدا بۆ ماوەیەکی زۆر، نیشانەکان دروستدەکات و کەسەکە ناتوانێت بگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی.
سەبارەت بە شیردەرەکانی دیکە کە بە شۆک یان زەبری دەروونیدا تێدەپەڕن، بە پرۆسەیەکی جەستەییدا تێدەپەڕن کە پێیدەگوترێت پڕۆسەی کردنەدەرەوە یان فڕێدانی زەبر. ئەمەش یارمەتییان دەدات لەو ماوە کامەدا کە بە کاریگەرییەکانی رووداوەکەدا تێدەپەڕن، بڕێکی زیاتری ماددە کیمیاییەکانی وەکو کۆرتیزۆڵ و ئەدرینالین بڕژن، کە رەنگە بۆ ماوەیەکی کاتی ئاژەڵەکە بە شێوازێکی زۆر نامۆ رەفتار بکات یاخود بچێتە دۆخی سڕبوونی کاتییەوە، بەڵام مرۆڤ بەم قۆناغەدا ناڕوات و بەهۆی هۆکارە کۆمەڵایەتییەکان و نەبوونی زانیاریی وردەوە سەبارەت بە زەبری دەروونی رێگەنادات جەستەی بە کاردانەوە جەستەییەکانی زەبری دەروونیدا تێبپەڕێت. ئاژەڵانیش ئەگەر بەم قۆناغەدا نەڕۆن، رەنگە توشی تەنگژەی پاش زەبری دەروونی ببن. ئەمەش لەو ئاژەڵانەدا زیاترە کە لە باخچەی ئاژەڵاندا گەورەدەبن، چونکە ئەم پرۆسە سرووشتییەی کردنەدەرەوە ئەنجامنادەن و کاریگەرییە درێژخایەنەکانیان دەمێننەوە، بە تێپەڕینی کاتیش، ئەمە هاوشێوەی مرۆڤ، کاریگەرییە نەرێنییەکانی زیاتر دەردەکەوێت. هەر لەبەر ئەم هۆکارەشە کە چارەسەرکردنی ئاخاوتن لە تەنگژەی پاش زەبری دەروونیدا رەنگە تەنیا بەشێک لە نیشانەکانی چارەخوازەکە چاک بکاتەوە، بەڵام کاردانەوە جەستەییەکان و نیشانە جەستەییەکان هەر دەمێننەوە، چونکە زەبری دەروونی تەنیا رووداوێک نییە کە لە مێشکدا روودەدات، بەڵکو کاردانەوەیەکی جەستەیە بۆ رووداوێکی نەخوازراو کە جەستە ئامادە نییە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵیدا، ئەگەر جەستەش ئامادەنەبێت مامەڵەی دروست لەگەڵ رووداوەدا بکات، جا بە هەر هۆکارێک بێت، کاریگەرییەکانی درێژخایەن دەبن و رەنگە کەسەکە پاش ماوەیەکی زۆر چاکببێتەوە
09/02/2025