یەكگرتوو و كۆمەڵی دادگەریی پاڵپشتیی خۆیان بۆ مانگرتووان راگەیاند
ئەمنیداری یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان و سەرۆكی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان كۆبوونەوە و هەردوولا پشتیوانیی خۆیان بۆ مامۆستایان و فەرمانبەرانی مانگرتووی سلێمانی راگەیاند.
بەگوێرەی میدیای فەرمیی كۆمەڵی دادگەریی، ئەمڕۆ یەكشەممە سەڵاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەكگرتوو و عەلی باپیر، سەرۆكی كۆمەڵی دادگەری لە هەولێر كۆبوونەتەوە، تێیدا گفتوگۆ لەسەر چەند تەوەرێك لە دیارترینیان مانگرتنی فەرمانبەران و مامۆستایانی ناڕازی لە سلێمانی كراوە.
روونیشكراوەتەوە، هەردوولا پشتیوانیی خۆیان بۆ داوای رەوای مامۆستایان دووپاتکردەوە و داخوازییەکانیان بە رەوا و پێویست زانیوە و ئاماژەیان بەوەكردووە "ئەرکی دەسەڵاتە لەکاتی خۆیدا مافی فەرمانبەران و تەواوی مووچەخۆران دابینبکات".
گوتووشیانە، "مافی هاونیشتمانییانە بەشێوەی مەدەنی داوای مافی خۆیان بکەن و رەوا نییە لایەنی دەسەڵات کەمتەرخەم بێت لە وەڵامدانەوەیان یاخود بەهێز رووبەڕوویان ببێتەوە.
ئاماژە بەوەشكراوە، تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە شەڕی غەززە بووە و گوتوویانە كە "هیواخوازن کۆتایی بە نەهامەتییەکانی خەڵکی فەڵەستین بێت و دەوڵەتانی ئیسلامی و گەلانی مسوڵمان هاوکاریی دانیشتووانی غەززە بکەن و بەشێک بن لە ئاوەدانکردنەوە"، هاوكات هەوڵی راگواستنی خەڵکەکەیان بۆ شوێنی دیكە بە ناڕەوا وەسفکردووە.
09/02/2025