هادی ئەکرەم: شاندێکی وەزارەتی دارایی بۆ مووچەی خانەنشینانی سەربازیی  دەچێتە بەغداد

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكومەتی هەرێمی كوردستان
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكومەتی هەرێمی كوردستان

بڕیارە لەم هەفتەیەدا شاندێک لە وەزارەتی دارایی هەرێمى کوردستان، بە هاوبەشی لەگەڵ نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە سەردانی بەغداد بکەن و گفتوگۆ لەسەر هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی سەربازیی بکەن.

هادی ئەکرەم، بەڕێوەبەرى جێبەجێکار لە بەڕێوەبەرایەتى خانەنشینی پێشمەرگەى سلێمانى بە کەناڵ8ـی راگەیاند:" شاندەکە هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانی پێشمەرگە و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ سەرجەم گرفتەکانی بەردەم هاوتاکردنەکە، تاوتوێ دەکەن.

گوتیشی، "دۆسیەکانى تەرازووی پێداچوونەوە، رێکارەکانی رادەستکردنی داهاتی 50%ـی نانەوتی و چەند پرسێکی دیکەی تایبەت بە مووچەش، لەگەڵ بەغداد باس دەکەن".

ئەمە لەکاتێکدایە، گرفتى سەرەکى بەردەم هاوتاکردنى مووچەى خانەنشینانى سەربازیی، شێوازى هاوتاکردنى مووچەى خانەنشینى ئەو ئەفسەر و پلەدارانەیە کە بەگوێرەى یاسا عێراقیەکە مووچەکانیان کەمدەکات.

دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، رۆژی 22ـى تشرینی دووەمی 2022، حکومەتی هەرێمی کوردستانی بەجێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی ژمارە 9ـی ساڵی 2014ـى عێراق پابەند کرد، بەڵام تاوەکو ئێستا یاساکە بەتەواوەتی جێبەجێنەکراوە، چونکە بەگوێرەی یاساکە، مووچەی بەشێک لە خانەنشینانی سەربازیی کەمدەکات.

++++

هەژمارکردنی مووچە بەگوێرەی بڕوانامەکان جیاوازییان زۆرە، لەهەرێمی کوردستان لەنۆی بنەڕەتییەوە هەژماردەکرێت و بەگوێرەی بڕوانامەکان 15%، ئامادەیی 25%، دیبلۆم 30%، بەکالۆریۆس 45%، ماستەریش 75%، دکتۆراش 100%، بەڵام لەعێراق جیاوازیی هەیە، لە دیبلۆمەوە هەژماردەکرێت، ئەویش لە5%، بەکالۆریۆس 10%، ماستەر 15%، دکتۆراش %20.