وەزارەتى دارایى: هاوتاکردنى مووچەى خانەنشینان جێبەجێ دەکرێت
وەزارەتى دارایى و ئابوورى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، لەگەڵ بەغداد رێککەوتوون هاوتاکردنی مووچەى خانەنشینانى هەرێمى کوردستان وەکو خۆى جێبەجێ بکرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە 10ـى شوباتى 2025، وەزارەتى دارایى و ئابووریى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە راگەیەندراوێکدا، ئەوەى خسستووەتەڕوو، هەردوو لیژنەی تایبەتى عێراق و هەرێمی کوردستان، لەسەر چۆنیەتیی جێبەجێکردنی یاسای ژمارە 9ـى ساڵی 2014ـى خانەنشینیی یەکگرتووی عێراق گەیشتنە رێکكەوتن.
وەزارەتى دارایی راشیگەیاندووە، ئەو هاوتاکردنەی هەرێمی کوردستان لە مانگی تەمموزی ساڵی 2024 تایبەت بە خانەنشینانی شارستانى جێبەجێی کردووە، هاوشێوەی خانەنشینانی حکومەتی فیدراڵییە و وەک خۆی جێبەجێ کراوە".
خەرجیى دارایى هاوتاکردنى خانەنشینی هەرێمى کوردستان، مانگانە 40 ملیار دینار بووە و حکومەتى هەرێمى کوردستانیش لە داهاتى نانەوتیی لە مانگى ئەیلولى 2024 دا پارەى بۆ خەرجکردووە، تاوەکو مووچەى مانگى تشرینى دووەمى 2024 بڕى 200 ملیار دینارى بۆ هاوتاکردنى مووچەکانیان خەرجکردووە.
10/02/2025