تەندروستیی جیهانی: دەکرێت ئایدز ببێتە مەترسییەکی گەردوونی
بە گوێرەی ئامارەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، لە کۆتایی ساڵی 2023دا نزیکەی 40 ملیۆن کەس لە جیهاندا هەڵگری ڤایرۆسی ئێچ ئای ڤی بوون و بە ڤایرۆسەکەوە ژیاون.
ساڵانە بڕە پارەیەکی دیاریکراو تەرخانکرابوو بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی ڤایرۆسەکە لە وڵاتانی هەژار و مامناوەند، بەڵام ئەم پاڵپشتییە داراییە لەناکاو راگیراوە و رێکخراوی تەندروستیی جیهانیش دەڵێت: راگرتنی ئەم پاڵپشتییە داراییە دەکرێت دووچاری مەترسییەکی گەردوونیمان بکاتەوە.
راگرتنی ئەم پاڵپشتییە داراییە، بە گوێرەی رێکخراوەکە، ژیانی ئەو کەسانە دەخاتە مەترسییەوە کە بە ڤایرۆسەکەوە دەژین، ئەگەری مردنیان زیاددەکات و هاوکات ئەگەری گواستنەوەی ڤایرۆسەکەش لەو کۆمەڵگەیانەدا زیاتر دەکات. ئەگەر ئەمەش درێژەبکێشێت، رەنگە چەند ساڵێک لە پرۆسەی چارەسەرکردنی گەردوونیی ئایدز بگەڕێینەوە دواوە. لە ساڵانی 80و 90ەکانی سەدەی رابردوودا، ساڵانە چەندین ملیۆن کەس لە جیهاندا بە هۆی ڤایرۆسی ئێچ ئای ڤییەوە و بە ئایدز گیانیان لەدەستدەدا، لەنێویشیاندا، لە چەندین ویلایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
راگرتنی پاڵپشتییە داراییەکان کاریگەریی لەسەر راوەستانی هەنگاوە زانستییەکان دەبێت وەکو پرۆگرامە هۆشیارییە تەندروستییەکان، ئاست و رێژەی دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە، دابینکردنی دەرمان و رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسەکە.
ئەم گرفتانەش پاش ئەوە دێن کە بە بڕیاری دۆناڵد ترەمپ، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی کشانەوە و سەرجەم پاڵپشتییە داراییەکانیان بۆ رێکخراوەکە راگرت. هەرچەندە ترەمپ دواتر راشیگەیاند کە بە دووری نازانێت وڵاتەکەی بگەڕێتەوە ناو رێکخراوی تەندروستیی جیهانی.
10/02/2025