توێژینەوەیەکی نوێ: هەر خواردنێک ئەم پێکهاتەیەی تێدابوو بۆ خەمۆکی باشە
خەمۆکی یەکێکە لە پەشێوییە دەروونییە باوەکان و چەندین کەس بە دەست نیشانەکانیەوە گرفتارن، چەندین چارەسەری جیاوازیش بۆ چارەسەری پەشێوییەکە بەردەستە، وەکو دەرمان، وەرزشکردن و چارەسەری دەروونی بە ئاخاوتن.
لە توێژینەوەیەکی نوێدا، کە لەسەر 40 کەسی تەمەن نێوان 18-29 ئەنجامدراوە، جۆرە چارەسەرێکی دیکە تاقیکراوەتەوە, ئەویش بەکارهێنانی ئەو خواردن و خواردنەوانەیە کە ماددەی فلاڤۆنۆیدیان تێدایە. فلاڤۆنۆید پێکهاتەیەکە کە لە چەندین جۆری خۆراکدا هەیە کە مرۆڤ بەکاریاندەهێنێت وەکو کاهو، سێو، ترێ، تووەکان، سیر، پیاز، تەماتە و مزرەمەنییەکان.
لە توێژینەوەکەدا، شەربەتی پرتەقاڵ بەکارهێنرا. بەشداربووان دابەشکران بەسەر دوو کۆمەڵەدا، کۆمەڵەیەکیان شەربەتی پرتەقاڵی پڕ لە فلاڤۆنۆیدیان دەخواردەوە و کۆمەڵەیەکیشیان شەربەتی پرتەقاڵی کەم فلاڤۆنۆید.
لە کۆمەڵەی یەکەمدا، نیشانەکانی خەمۆکی کەمتربووبوونەوە بەراورد بەو کەسانەی خواردنەوەکانیان فلاڤۆنۆیدی تێدانەبوو. خواردنەوەکەش رۆژانە سێ جار دەدرا بە بەشداربووانی کۆمەڵەی یەکەم.
ئەم توێژینەوەیە تاڕادەیەک سنووردارە و ژمارەی بەشداربووانی کەمە، بەڵام دەرەنجامەکانی ئێجگار گرنگن سەبارەت بە کاریگەرییەکانی شێوازی ژیانی تەندروست لەسەر خەمۆکی و پەشێوییە دەروونییەکان.
11/02/2025