دەزگای شەهیدانی عێراق دۆزینەوەی گۆڕێکی بەکۆمەڵی راگەیاند
دەزگای شەهیدانی عێراق رایگەیاند، بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، تیمەکانیان پشکنینی هونەرییان بۆ گۆڕێکی بەکۆمەڵ کردووە کە لەمدواییەدا لە شارۆچکەی فەلوجەى سەربە پارێزگای ئەنبار دۆزراوەتەوە.
زڕغام کامیل، سەرۆکی تیمی نیشتمانیی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە راگەیەندراوی دەستەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە، پشکنینی هونەری بۆ گۆڕە بەکۆمەڵە دۆزراوەکە کراوە کە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی رژێمی بەعس و لە رێگەی تۆمەتبار "سەعدوون سەبری ئەلقەیسی" دۆزراوەتەوە.
ئەوەشی گوتووە، لە گۆڕە بەکۆمەڵەکەدا روفاتی ژن و پیاوی تێدایە و بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکان، لە هەر قۆناغێکدا 20 بۆ 25 کەس کۆمەڵکوژ کراون و دواتر خراونەتە گۆڕی بەکۆمەڵەوە.
ئەوەشخراوەتەڕوو، ئەو گۆڕە بەکۆمەڵەی دۆزراوەتەوە لە چوارچێوەی یاسای پاراستنی گۆڕە بەکۆمەڵەکاندایە لە دەزگای شەهیدانی عێراق و دەکرێتە ناو لیستی پلانی ساڵانەیان بۆ هەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان و دیاریکردنی ناسنامەی قوربانیان.
پرۆسەی دۆزینەوە و هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی سەردەمی رژێمی بەعس بەردەوامە و لە کۆتا پرۆسەشدا لە 19ـی کانوونی دووەمی 2025، بەڕێوەبەری گشتیی گۆڕە بە کۆمەڵەکان لە دەزگای شەهیدانی عێراق رایگەیاند، کارکردن لە دووەم گۆڕی بەکۆمەڵی بیابانەکانی تەل شێخە تەواو بووە کە ئەو گۆڕە بەکۆمەڵە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانى هەشتاکان و رووفاتى 155 ئەنفالکراوى تێدا بووە، کە هەموویان هاونیشتمانیی کورد بوون.
12/02/2025